zagros news agency

مردنی بەکۆمەڵی ماسی لە عێراق… کارەساتێکی ژینگەیی هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراک دەکات

مورتەزا ئەلجەنووبی، شارەزای بواری ژینگە، هۆشدارییەکی توند دەدات لەبارەی دووبارەبوونەوەی دیاردەی مرداربوونەوەی ماسییەکان لە ڕووبارەکانی عێراق و ڕایدەگەیەنێت کە ئەمە چیتر ڕووداوێکی کاتیی نییە، بەڵکوو دەرەنجامی کەڵەکەبوونی کێشە ژینگەیی و کارگێڕییە درێژخایەنەکانە کە هەڕەشەی داڕمانێکی ژینگەیی گەورە و لەدەستدانی سەرچاوەی بژێوی هەزاران هاووڵاتی دەکات.

ئەم شارەزایە لە لێدوانێکدا بۆ (بەغداد ئەلیەوم) ئاماژەی بەوە کردووە کە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی ئەم کارەساتە بریتییە لە پیسبوونی ئاوی ڕووبارەکان، بەهۆی ڕشتنی ڕاستەوخۆی پاشەڕۆی ماڵان و پاشماوە پیشەسازییەکان بەبێ هیچ پاڵاوتنێک، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی مەترسیداری ئاستی ماددە ژەهراوییەکانی وەک ئەمۆنیا و کانزا قورسەکان کە ژیانی زیندەوەرە ئاوییەکانی خستووەتە مەترسییەوە.

هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە کەمبوونەوەی ڕێژەی ئۆکسجینی تواوە لەناو ئاودا هۆکارێکی دیکەی کوشندەیە کە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و وەستانی جووڵەی ئاو و زۆربوونی پاشماوە ئەندامییەکان دروست دەبێت و دەبێتە هۆی خنکانی بەکۆمەڵی ماسییەکان، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە لێشاوی ئاو تێیاندا لاوازە و ئاوەکە قەتیس ماوەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، کەمبوونەوەی بڕی ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات قەیرانەکەی قووڵتر کردووەتەوە، چونکە ئاوەکە هێندە کەم بووە توانای نییە کاریگەریی پیسکەرەکان کەم بکاتەوە، ئەمەش لەپاڵ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە بەکتریاییەکان و ڕاوکردنی نایاسایی بە ماددە قەدەغەکراوەکان، ژینگەی ئاویی عێراقی بەرەو داڕمان بردووە.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، ئەلجەنووبی داوای گرتنەبەری ستراتیژییەکی درێژخایەن دەکات کە بە ڕاگرتنی دەستبەجێی ڕشتنی پیسکەرەکان و دروستکردنی وێستگەی پاڵاوتن دەست پێ دەکات، هاوکات جەخت لە توندکردنەوەی چاودێرییە ژینگەییەکان و سزادانی سەرپێچیکاران و ڕێکخستنەوەی کەرتی بەخێوکردنی ماسی دەکات، بۆ ئەوەی ڕێگری لە گۆڕانی ئەم کارەساتە بۆ دیاردەیەکی هەمیشەیی بکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

دۆناڵد ترەمپ: پێشوازی لە وەبەرهێنانی چین لە نەوتی ڤەنزوێلا دەکەین

سەڵاح

مەکینە گریس بووەتە یەکێک لە دیارترین دەموچاوەکانی هۆلیوود

ART

نێچيرڤان بارزانى سه‌ره‌خۆشى له‌ بنه‌ماڵه‌ى سه‌عد خاليد ده‌كات

گوران