وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئەمڕۆ هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی تەماتەی لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا بۆ نەبوونی بەرهەمی ناوخۆیی و پشتبەستن بە هاوردەکردن گەڕاندەوە؛ پێشبینیشی کرد لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ لە کۆتایی ئەم مانگەدا (نیسان)، نرخەکان دابەزین بەخۆیانەوە ببینن.
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە نرخی تەماتە لە بازاڕەکانی فرۆشتنی کۆ (جملە) لە نێوان (1750 بۆ 2250) دینارە بۆ هەر کیلۆگرامێک، لە کاتێکدا بە تاک (مفرد) بە (2000 بۆ 2500) دینار دەفرۆشرێت.
جەختیشی کردەوە کە تێکچوونی کارەکان لە دەروازە سنوورییەکان بووەتە هۆی کەمیی بڕی تەماتە لە بازاڕەکاندا، ئەمەش نرخی بەرزکردووەتەوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو تەماتەیەی لە تورکیا و ئوردنەوە هاوردە دەکرێت تێچووەکەی هەر بە بەرزی دەمێنێتەوە.
ڕوونیشیکردەوە کە نرخەکان لە کۆتایی مانگی نیساندا قۆناغ به قۆناغ دادەبەزن، هاوکات دووپاتیشی کردەوە کە نرخی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکە جێگیرن، چونکە پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی دەبەستن.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە مانگی ئاداری ڕابردووەوە ڕەزامەندی لەسەر کردنەوەی دەرگای هاوردەکردنی تەماتە دراوە، وەک هەنگاوێک بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی بازاڕە ناوخۆییەکان.
ماوەی چەند ڕۆژێکە بازاڕەکانی عێراق بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە نرخی سەوزە و میوەدا بەخۆوە دەبینن، بەتایبەتی جۆرە هاوردەکراوەکان و جەختیش دەکرێتەوە کە گرانبوونەکە لە بازاڕەکانی کۆوە دەست پێ دەکات.

