zagros news agency

دەستەی حەجی عێراق: گواستنەوەی حاجیان بۆ ئەم وەرزە بە وشکانی دەبێت

سامی مەسعوودی، سەرۆکی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق، ئەمڕۆ جەختی کردەوە کە عێراق سەرجەم پێداویستییەکانی وەرزی حەجی تەواو کردووە، ئاماژەی بەوەش کرد کە گواستنەوەی حاجیان بۆ ئەم وەرزە بە وشکانی (بەرەو سعوودیە) دەبێت.
مەسعوودی ڕایگەیاند: “بەڕێوەبەری کاروانەکانی حاجیان بەرپرسیارێتی یەکەم و ڕاستەوخۆیان لەسەرە بەرامبەر حاجیان،” جەختیشی کردەوە لەسەر “گرنگیی پابەندبوون بە ڕێنماییەکان بۆ سەرکەوتنی وەرزی حەج.”
ڕوونیشیکردەوە کە “عێراق یەکەم وڵاتە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی حەجی سعوودیە سەرجەم پێداویستییەکانی وەرزی حەجی تەواو کردووە و ئێمە لە ئامادەباشیی تەواوداین.”
ئاماژەی بە “پێویستیی پابەندبوونی بەرپرسانی کاروانەکان بە پلانەکانی گواستنەوەی وشکانی لە ڕۆژانی داهاتوودا” کرد و وتی: “ستافە پزیشکی و کارگێڕییەکان لە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتووەوە پێش کاروانەکان دەکەون، بە مەبەستی ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ڕێگا، نیشتەجێبوون و بژێوی.”
داوای لە بەڕێوەبەری کاروانەکان کرد کە چاویان بە حاجیان بکەوێت و هۆشیارییان بدەنێ لەسەر وردەکارییەکانی گەشتی حەج و ئەوەی پێویستیان دەبێت، جەختیشی کردەوە کە “حاجی عێراقی پێویستی بە هەڵگرتنی هیچ بڕە پارەیەک نییە، چونکە سەرجەم خەرجییەکان لەلایەن دەستەوە دابین کراوە.”
سەرۆکی دەستەکە هۆشداریی دا لە سەرپێچییە یاسایی و کارگێڕییەکان، بەتایبەتی “قاچاخچێتی جگەرە یان بەرزکردنەوەی دروشمی سیاسی و تائیفی، چونکە ڕەنگە ببێتە هۆی سزای توند کە دەگاتە زیندانیکردن لە شانشینی عەرەبی سعوودیە.”
هەروەها داوای کرد هاوڵاتییان وریا بن لە “کۆمپانیا وەهمییەکان کە خەڵک دەقۆزنەوە” و تەنها مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکان بکەن بۆ ئەوەی نەبنە قوربانیی فێڵ و تەڵەکەبازی.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە “ئەم وەرزە نائاساییە و ڕووبەڕووی چەندین تەحەدا دەبێتەوە، ئەمەش پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکان و ئارامگرتن هەیە،” باسی لە نزیکبوونەوەی کاتی بەڕێکەوتنی یەکەمین کاروانی حاجیانی عێراقیش کرد بەرەو مەدینەی منەوەرە و مەککەی پیرۆز.

هەواڵی پەیوەندیدار

ترەمپ: مادۆرۆ و خێزانەکەی دەستگیرکران

سەڵاح

عەلی لاریجانی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە تەنها باسی دانوستاندن دەکات

یاسین

ترەمپ: هەوڵ دەدەین کەشێکی گونجاو لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان بڕەخسێنین

سەڵاح