وەزارەتی گواستنەوە، ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە هێڵی ئاسمانیی عێراقی سبەینێ پێنجشەممە گەشتەکانی بۆ دوبەی دەستپێدەکاتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی “سەبیحە” لە تورکیا ڕۆژی شەممە دەستپێدەکەنەوە.
مەیسەم سافی، وتەبێژی وەزارەتەکە ڕایگەیاند: “ئاسمانی عێراق گەڕانەوەی پلەبەندیی گەشتە ئاسمانییەکان بەخۆیەوە دەبینێت، لەگەڵ بەردەوامیی کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی گەشتەکان بە شێوەیەکی هەڵکشاو تاوەکو دەگاتەوە ئاستی ئاسایی خۆی.”
ئەوەشی خستە ڕوو کە “هێڵی ئاسمانیی عێراقی لە ڕۆژی هەینی ڕابردووەوە (١٠ـی نیسان)، گەشتە دەرەکییەکانی بۆ ئەستەنبوڵ، عەممان و قاهیرە دەستپێکردووەتەوە و دواتر گەشتەکانی بۆ هیندستان ئەنجامداوە،” ئاماژەی بەوەش کرد کە “هێڵەکە گەشت بۆ (کوانجو) ئەنجام دەدات و سبەینێ پێنجشەممە ١٥ـی نیسانیش بۆ دوبەی، جگە لە دەستپێکردنەوەی گەشتە ناوخۆییەکان لە نێوان فڕۆکەخانەکانی بەغدا، هەولێر، سلێمانی و بەسڕەدا، لەگەڵ هەبوونی پلان بۆ زیادکردنی گەشتەکان لە ماوەی داهاتوودا.”
باسی لەوەش کرد کە “هەندێک لە کۆمپانیاکانی تری فڕۆکەوانیی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەستیان بە گەشتەکانیان بۆ عێراق کردووەتەوە، لەوانە: (مەلەکییەی ئوردنی، دیمەشق، Felix Airways، ماهان ئێر، ئاسمان، و فلای دوبەی).”
هاوکات وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقی لە نێوان بەغدا و (سەبیحە) لە ڕۆژی شەممەی داهاتوو ڕێکەوتی ١٨ـی نیسان دەستپێدەکەنەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانێک بۆ فراوانکردنی تۆڕی گەشتەکان و ئاسانکاری بۆ گەشتیاران.”
هەواڵی پێشوو

