zagros news agency

موقتەدا سەدر بۆ سەرایای سەلام: ئۆتۆمبێلی چینی و کۆری بەکاربێنن

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-5-2026، نووسینگەی موقتەدا سەدر، ڕێنماییەکی نوێی بۆ سەرکردە و ئەندامانی گرووپی سەرایای سەلام دەرکرد، کە تێیدا کۆمەڵێک مەرجی توند سەبارەت بە هاتوچۆ و ڕەفتار و دەرکەوتنیان دیاری کراوە.
بەپێی ئەم ڕێنماییانە، لەمەودوا پێویستە بەرپرسانی فەیلەق و فیرقەکان تەنها بۆ ئەنجامدانی ئەرکە فەرمییەکانیان بە ئۆتۆمبێلی تایبەت هاتوچۆ بکەن، مەرجیشە ئەو ئۆتۆمبێلانە تەنها لە کۆمپانیا کۆری و چینییەکان بن و بە هیچ شێوەیەک ئۆتۆمبێلی ڕەش بەکارنەهێنن. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە نابێت ئۆتۆمبێلەکان بێ تابلۆ بن و دەبێت سەرجەم بەڵگەنامە فەرمییەکانیان هەبێت، هاوکات دانانی ناوی سەرایای سەلام یان ناوی بنەماڵەی سەدر لەسەر ئۆتۆمبێلەکان بە توندی قەدەغە کراوە.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکاندا هاتووە، کە دەبێت سەرجەم ئەندامان پابەندی یاساکانی هاتوچۆ و خاڵە ئەمنییەکان بن، هەروەها بەکارهێنانی زیل تەنها بۆ ئۆتۆمبێلە ئەمنییە فەرمییەکان ڕێگەپێدراوە.
بەپێی نووسراوەکە، چوونە ناو کەوکەبە پیرۆزەکان، دامودەزگاکانی دەوڵەت، وەزارەتەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بە ئۆتۆمبێلی فەرمیی سەرایای سەلام قەدەغە کراوە، هەروەها هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لە ناو ئۆتۆمبێلەکان تەنها بۆ ئەرکە زۆر پێویستەکان نەبێت ڕێگەپێدراو نییە، لەگەڵ ئەوەشدا داوا کراوە هەمووان قورئانی پیرۆز لە ناو ئۆتۆمبێلەکانیاندا هەڵبگرن.
لە کۆتایی ڕێنماییەکاندا، نووسینگەی سەدر داوای لە سەرجەم ئەندامانی سەرایای سەلام کردووە کە گرنگییەکی زۆر بە دەرکەوتنی دەرەکییان بدەن، بەتایبەت لە ڕووی جلوبەرگ، شێوازی ڕیش و قژیان، بە جۆرێک کە لەگەڵ داب و نەریتی گشتی و سەلیقەی کۆمەڵگەدا گونجاو بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

میسی چارەنووسی خۆی یەکلایی دەکاتەوە

یاسین

كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بانگەوازێک ئاراستەی کوردستانیانی دیاسپۆرا دەکات

یاسین

فەرمانده‌ی پێشووی سوپای پاسداران داعش لە وڵاتانی دراوسێ خەریکی خۆ ڕێکخستنەوەیە

یاسین