نووسینگەی ڕاگەیاندنی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ڕای گەیاند ناوبراو ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ جۆشوا هاریس، کارداری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کۆبووەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، هەردوولا باسیان لە دۆخی ناوچەکە و جیهان، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان کرد.
لە دیدارەکەدا ستایشی بڕیاری “چوارچێوەی هەماهەنگی” بۆ پاڵپشتیکردنی هەنگاوەکانی حکوومەتی عێراق بە مەبەستی سنووردارکردنی چەک لەدەست حکوومەتدا کرا و جەخت کرایەوە بەیاننامەی ئەم هاوپەیمانییە نەخشەڕێگەیەکە بۆ سەقامگیریی عێراق.
ئەعرەجی جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق بەرانبەر ململانێکان و پاڵپشتیی بەغدا بۆ چارەسەری ئاشتییانە لەسەر بنەمای دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی کردەوە.
جۆشوا هاریس گوتی حکوومەتی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ پاڵپشتیی حکوومەتی عێراق دەکەن و واشینگتن پشتیوانی لە عێراقێکی سەربەخۆ بە سەروەریی تەواوەوە دەکات. هەروەها گوتی پێویستە ئابووری و گەشەپێدان بزوێنەری سەرەکیی عێراق و خەڵکەکەی بن.
کارداری باڵیۆزخانەی ئەمریکا دووبارە پشتگیریی واشینگتنی بۆ سنووردارکردنی چەک لەدەست حکوومەتدا دەربڕی و بەیاننامەی چوارچێوەی هەماهەنگیی بە “وەرچەرخانێکی جۆری” لە ڕێگەی چەسپاندنی سەربەخۆیی و سەروەری بۆ داهاتووی عێراق ناو برد.
هەواڵی پێشوو

