تیمەکانی لەناوبردنی مین و تەقەمەنی (EOD) سەر بە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی دهۆک لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە بەردەوامیی کارەکانیاندا بۆ پاککردنەوەی ناوچە مەترسیدارەکان، توانییان ٣٩ پارچە تەقەمەنی نەتەقیو لە گوندی “سلکا”ی سەر بە ناحیەی ڕزگاری کۆبکەنەوە و بۆ مەبەستی لەناوبردنیان بگوێزنەوە.
ئەو تەقەمەنیانەی لە ڕێکەوتی ١٢ی تەممووزی ٢٠٢٦ دۆزراونەتەوە، پێکهاتوون لە ٣٢ گوللە دۆشکە (١٤.٥ ملم)، یەک هەنارە، سێ گوللە هاوەن (٨٢ ملم) و سێ فیوزی پاشماوەی نەتەقیو، کە سەرجەمیان لە پێناو پاراستنی ژیانی هاوڵاتیانی ناوچەکە و دوورخستنەوەی مەترسییەکان کۆکراونەتەوە.
لەکۆتاییدا بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی دهۆک داوا لە هاوڵاتیان دەکات لە پێناو سەلامەتی گشتیدا، لە کاتی بینینی هەر جۆرە پاشماوەیەکی شەڕ یان تەقەمەنییەکی گوماناویدا، دەستبەجێ پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە ١٨٢ـەوە بکەن.

