ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات کە ئەمڕۆ شاندی فراکسیۆنی پارتی سەردانی وەزارەتی پەروەردەی کرد و لەگەڵ بەڕێز دکتۆر ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانی مامۆستایان و قوتابیان کرا.لە تەوەرێکی سەرەکیدا، شاندی فراکسیۆنەکەمان کێشەی ئەو مامۆستایانەی خستەڕوو کە تاقیکردنەوەی سەرپەرشتیارییان کردووە و مۆڵەتە سێ ساڵییەکەیان تەنها مانگێکی مابوو بۆ هەڵوەشاندنەوە، بەبێ ئەوەی دەستبەکاربووبێتن.
دکتۆر شەهرام عەلی کەژۆ، ئاماژە بەوە دەکات کە بە خۆشحاڵییەوە و دوای داواکاری فراکسیۆنەکەمان، بەڕێز وەزیری پەروەردە بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی ئەو مامۆستایانەی وەک سەرپەرشتیاری یەدەگ دەستنیشان کراون بۆ ساڵێکی دیکە، بەمەش ڕێگری لە فەوتانی ماندووبوونی مامۆستایان کرا.
وێڕای سوپاس بۆ بەدەمەوەچوونی وەزیری پەروەردە، وەک فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دووپاتی دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە داکۆکیکردن لە مافی مامۆستایان.

