کارەکانی پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگای (کۆڕێ – شەقڵاوە – قەندیل) و هەردوو تونێلی میراوە و ماوەران قۆناغی زۆر باشیان بڕیوە و بڕیارە پێش وادەی دیاریکراوی خۆیان، کارەکانیان کۆتایی بێت و بخرێنە خزمەت هاونیشتمانیانەوە.
پڕۆژەی ڕێگای (کۆڕێ – شەقڵاوە – قەندیل) کە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت. ئامانج لەم پڕۆژەیە گەشەپێدانی ژێرخانی ڕێگەوبانەکان و ئاسانکارییە بۆ هاتووچۆی گەشتیاران و هاونیشتمانیانی ناوچەکە.
وردەکارییەکانی پڕۆژەکە:
گوژمەی تەرخانکراو: بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، بڕی 95 ملیار دیناری عێراقی تەرخانکراوە.
هێزی کاری ناوخۆیی: یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە کە بە ڕێنوێنی سەرۆکی حکومەت، تەواوی کارەکان لەلایەن ئەندازیار و کۆمپانیا نیشتمانییەکان (خۆماڵی) بە کوالێتییەکی بەرز و جیهانی جێبەجێ دەکرێن.
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان: پڕۆژەکە دروستکردنی ڕێگایەکی خێرای دووساید بە درێژی 10 کیلۆمەتر لەخۆدەگرێت.
تونێل و ئۆڤەرپاسەکان: تەواوکردنی هەردوو تونێلی ستراتیژیی (میراوە و ماوەران) بەشێکی سەرەکی پڕۆژەکەیە، لەگەڵ دروستکردنی سێ ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسی مۆدێرن کە بەپێی ستانداردە جیهانییەکان بنیات نراون.
بەپێی سەرچاوەکانی حکومەت، کارەکانی پڕۆژەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچن و لە ئێستادا لە قۆناغی کۆتایی دان، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر خێراکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان کردووەتەوە بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی و کورتکردنەوەی ماوەی گەشتکردن لەنێوان شار و ناوچە جیاوازەکاندا.

