هەولێر – ٢٨ی تەمووزی ٢٠٢٦
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، لە شاری هەولێر، لە بارەگای بەشی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بە سەرپەرشتیی بەڕێزان ئەمەل جەلال، بەرپرسی بۆردی ڕێکخراوە دیموکراتییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، و د. ئاراس خۆشناو، بەرپرسی ڕێکخراوە پیشەیییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئامادەبوونی شاندی هاوڕێی هەردوولا بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆمان کرد لەبارەی گەڵاڵەکردن و ڕەخساندنی زەمینەیەکی هاوبەش بۆ گەشەپێدانی کاری پیشەیی لەنێوان سەرجەم چین و توێژەکانی جەماوەری خەڵکی کوردستان.
ئامانجمان لەم هەنگاوە ئەوەیە کە سەرجەم ڕێکخراوەکان بتوانن لە ئاستی نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەدا کاری هاوبەش بکەن بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی نوێکردنەوە، هەڵبژاردن، کۆنفرانس و کۆنگرەکان لە زووترین کاتدا.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، بە مەبەستی چەسپاندنی ئەم ئامانجانە و بەرەوپێشبردنی هەماهەنگییەکان، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەنێوانماندا واژۆ کرا.

