جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان دەڵێت: هەر کەسێک وا دەزانێت بە هەڕەشە، دروشمی بێبنەما یان قسەی هەڵچوون دەتوانێت حکومەتی هەرێمی کوردستان برووخێنێت، تەنها خۆی دەخەڵەتێنێت.
لەبەیاننامەیەکدا مونا قەهوەچی دەڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستان موڵکی تاکەکەس نییە؛ موڵکی هەموو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە. ئەم دەسکەوتە بە خوێنی شەهیدان، خەباتی پێشمەرگە و ئیرادەی نەوەکان پارێزراوە، و لەگەڵ ئەو ئیرادەیەش بەردەوام دەبێت.
ئەوەش دەخاتەروو: ئەوانەی هەموو هیوایان لەسەر دروشم و هەڵچوونی ڕاگەیاندنە، باش بزانن کە مێژوو بە قسە ناگۆڕدرێت و دامەزراوەکانیش بە هەڕەشە ناڕووخێن. هێزی ڕاستەقینە لە پشت گەل، یاسا و دامەزراوەکانە، نە لە پشت قسەی پووچ.ڕەخنەکردن مافە، بەڵام ئەو کەسەی بانگەشە بۆ لاوازکردنی دامەزراوەکان دەکات، دەبێت بزانێت کە بەرپرسیاری قسە و هەڵوێستی خۆیەتی. هیچ کەسێک لە مێژووی ئەم گەلە گەورەتر نییە و هیچ دەنگێک لە ئیرادەی گەل بەرزتر نییە.
راشی گەیاندووە: هەرێمی کوردستان بە قوربانی دروست بووە، بە یەکڕیزی پارێزراوە و بە ئیرادەی گەل بەردەوام دەبێت. ئەوانەی خەونی رووخاندنی دەبینن، پێویستە لە مێژووی ئەم نیشتمانە فێر بن کە ئیرادەی گەل بە وشە و هەڕەشە ناشکێت.

