zagros news agency

ئومێد خۆشناو پێشوازی لە شاندێکی قوتابیانی وڵاتانی عەرەبی دەکات و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە کلتورییەکان دەکاتەوە

 

پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، پایتەختی هەرێمی کوردستان هەمیشە دەرگای کراوەیە بۆ ئاڵوگۆڕی کلتوری و زانستی، شاندی قوتابیانی وڵاتانی عەرەبیش سەرسامی خۆیان بە ئارامی و پێشکەوتنەکانی هەولێر دەردەبڕن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (20ی ئابی 2026)، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا پێشوازی لە شاندێکی قوتابیانی چەند وڵاتێکی جیاوازی عەرەبی کرد، کە بە مەبەستی لەنزیکەوە ئاشنابوون بە کلتوور، مێژوو و پێشکەوتنە ئاوەدانییەکانی هەرێمی کوردستان، سەردانی شاری هەولێری پایتەختیان کردووە.

لە دیدارەکەدا، کە گەیلان سلێمان، بەرپرسی لقی منارەی هەولێری یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان ئامادەی بوو، پارێزگاری هەولێر وێڕای بەخێرهێنانی گەرمی شاندەکە، خۆشحاڵی خۆی نیشاندا کە کوڕان و کچانی وڵاتانی عەرەبی هەولێر وەک وێستگەیەک بۆ ئاشنابوون بە کلتووری کوردی هەڵدەبژێرن. پارێزگار جەختی لەوە کردەوە کە هەولێر وەک چەترێک بۆ بەیەکەوەژیان، هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان دەبێت لە نێوان قوتابیان و لاوانی کوردستان و جیهانی عەرەبیدا.

لەلایەن خۆیانەوە، ئەندامانی شاندی قوتابیانی وڵاتانی عەرەبی، سوپاسی پارێزگاری هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کرد بۆ ئەو پێشوازییە شاهانەیەی لێیان کراوە. هەروەها سەرسامی قووڵی خۆیان بۆ ئەو ئارامی، تەناهی و گەشەسەندنە خێرایەی کە لە هەولێری پایتەختدا دەبینرێت دەربڕی و هیوایان خواست ئەم جۆرە سەردانانە ببنە پردی پەیوەندی زیاتر لە نێوان گەلانی ناوچەکەدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

لێدوانێک لە گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە

دڵشاد

عێراق لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ زیاتر لە ١١٨ هەزار تۆن بەنزینی هاوردە کردووە

یاسین

مۆندیاڵ ژیانی شاکیرا دەگۆڕێت

ART