بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکی فراوان بۆ ئامادەکارییەکانی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) بەڕێوەچوو. ئومێد خۆشناو تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە بە شکۆیەکی گەورەوە ئامادەکاری بۆ ئەو یادە جیهانییە بکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (20ی ئابی 2026)، بە مەبەستی داڕشتنی پلانی ڕێوڕەسمەکانی یادی لەدایکبوونی پێشەوای مرۆڤایەتی، حەزرەتی محەممەد (ﷺ)، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە جێگری پارێزگار، قائیمقامی ناوەندی، بەڕێوەبەرانی گشتیی ئەوقاف، تەندروستی، ئاسایش، پۆلیس، هاتووچۆ و بەرگری شارستانی ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییە لۆجستی و تەناهییەکان کرا بۆ بەرزڕاگرتنی ئەم یادە پیرۆزە، کە ساڵانە لە هەولێری پایتەخت بە بەشداری هەزاران هاووڵاتی و گەشتیار بەڕێوەدەچێت.
پارێزگاری هەولێر تەواوی فەرمانگە خزمەتگوزاری و ئەمنییەکانی ڕاسپارد، کە لەسەر ئاستی ناوەندی شار و دەوروبەری، ئامادەکاری تەواو بکەن بۆ ڕێکخستنی مەولودنامە، سرودە ئایینییەکان و چالاکییە جۆراوجۆرەکان، بە شێوەیەک کە شایستە بێت بە پێگەی ئایینی و کلتووریی ئەم یادە پڕشکۆیە.
شاری هەولێر خاوەن مێژوویەکی دێرینە لە یادکردنەوەی مەولود، کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی سوڵتان موزەفەرەدین دەگەڕێتەوە. ساڵانە لەم رۆژەدا، پایتەختی هەرێمی کوردستان دەبێتە چەقی کەرنەڤاڵێکی گەورەی ئایینی و تێیدا لە مزگەوت، خانەقا و ناو بازاڕەکاندا بە سروود و دابەشکردنی شیرینی و خواردن، خۆشەویستی بۆ پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) دەردەبڕدرێت.

