بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی ڕاگەیاند؛ ئاسمانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم لەمڕۆ شەممە و سبەی یەکشەممەدا بە گشتی ساماڵ دەبێت، تەنها لە کاتەکانی ئێوارەدا لە هەندێک شوێن پەڵەهەور و نیمچەهەور دەردەکەوێت.
خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت (10-20 کم/ک) بە ئاراستەی باکووری خۆرئاوا، و مەودای بینین لە نێوان 8 بۆ 10 کیلۆمەتردا جێگیر دەبێت.
پلەکانی گەرما لەم دوو ڕۆژەدا نزیک دەبنەوە لە تۆمارەکانی پێشوو، بەشێوەیەک لە سەنتەری پارێزگاکان بەم شێوەیە دەبێت: لە هەولێر (38 بۆ 39)، سلێمانی (37)، دهۆک (37 بۆ 38)، و هەڵەبجە (38) پلەی سیلیزی. هاوکات ناوچەی گەرمیان بەرزترین پلەی گەرما تۆماردەکات کە دەگاتە 43 بۆ 44 پلە، لە بەرامبەریشدا ناوچەی حاجی ئۆمەران نزمترین پلەی گەرمای دەبێت کە لە نێوان 28 بۆ 30 پلەی سیلیزیدا دەبێت.

