بۆ سێیەم ساڵی لەسەریەک، دکتۆر جگر هەرکی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و توێژەری ئەکادیمی، لە بواری وزە (Energy)دا خرایە نێو لیستی ٢٪ی باشترین و کاریگەرترین زانایانی جیهان.
ئەم ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییە ساڵانە لەلایەن زانکۆی بەناوبانگی ستانفۆرد و دامەزراوەی ئەکادیمیی “ئەلسەڤیەر”ەوە ئامادە دەکرێت، تێیدا د. جگر هەرکی لەسەر ئاستی جیهان بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٤، ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦) ناوی لە ڕیزبەندی پێشەنگەکاندا تۆمار کراوە. ئەم دەستکەوتە زانستییەش دوای ئەنجامدانی ٩١ توێژینەوەی زانستی و ساڵانێک کارکردنی بەردەوام دێت لە بوارەکانی وزە و گەشەپێدانی بەردەوامدا.
لەبارەی ئەم دەستکەوتەیەوە، د. جگر هەرکی ڕایگەیاند کە ئەم سەرکەوتنە بەرهەمی ساڵانێک هەوڵدان و باوەڕبوونە بەوەی پێویستە زانست ڕۆڵێکی کاریگەر لە چارەسەرکردنی کێشە ڕاستەقینەکانی جیهاندا بگێڕێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد: “وەک کەسێک کە لە کوردستانەوە دەستم بە گەشتی زانستیی خۆم کردووە و ئێستا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کاری ئەکادیمی ئەنجام دەدەم، ئەم دەستکەوتە واتا و نرخێکی تایبەتی بۆ من هەیە.”
هاوکات ئەو توێژەر و ئەندامەی پەرلەمان، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ سەرجەم ئەو هاوکار و قوتابیانەی لەم ماوەیەدا پاڵپشتی بوون، هیوای خواست ئەم دەستکەوتە ببێتە سەرچاوەی ئیلهام و هاندەرێک بۆ توێژەرە گەنجەکانی کوردستان تا باوەڕیان بە تواناکانی خۆیان هەبێت و لە ئاستی جیهانیدا شوێنپەنجەی زانستییان جێبهێڵن.
لە کۆتاییشدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە کۆتایی ڕێگاکە نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی زیاترە و هاندەرێک دەبێت بۆ بەردەوامبوون لە خزمەتکردنی زانست و کۆمەڵگەدا.

