zagros news agency

بە مەبەستی چاکسازیکردن لە یاسای توندوتیژیی خێزانی: لە هەولێر گفتوگۆیەکی بەرفراوان بەڕێوەچوو

 

ئەمڕۆ لە شاری هەولێر، بە سەرپەرشتیی ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، گفتوگۆیەکی کراوە سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی ڕاپۆرتی ڕاوێژکاری لەسەر یاسای ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠١١ی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی دادوەری، داواکاری گشتی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دیکە بەشداربوون، تێیدا تیشک کرایە سەر پڕۆژەی بەهێزکردنی جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لەلایەن دامەزراوە فەرمییەکانەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، ئەنجومەنی باڵای خانمان بە هاوکاریی سندوقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNFPA)، سێ وۆرکشۆپی تایبەتی لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە بەڕێوەبرد. وۆرکشۆپەکان بە بەشداریی دادوەران، داواکارانی گشتی و بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە وەزارەتی ناوخۆ ڕێکخرابوون، بە ئامانجی دەستنیشانکردنی بۆشایی و درزە یاساییەکان و دۆزینەوەی چارەسەری کرداری.
ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، خستنەڕووی دەرئەنجام و ڕاسپاردەکانی ئەو ڕاپۆرتە ڕاوێژکارییە بوو بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، تاوەکو گفتوگۆ لەسەر گرتنەبەری ڕێککاری پێویست بکرێت بۆ باشترکردنی ئاستی جێبەجێکردنی یاسا و بەهێزکردنی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی خێزانی.

هەواڵی پەیوەندیدار

بڕیارێكی دیكەی سەرۆكی حكوومەت بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتییان كەوتە بواری جێبەجێكردن

یاسین

سواڵکەرەکانی عێراق ئامادەنین مووچەی چاودێری کۆمەڵایتی وەربگرن

یاسین

مباپێ قسەی لەسەر پاریس هەیە

یاسین