zagros news agency

بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو: لە هەولێر کۆنفرانسێکی زانستی بەڕێوەچوو و پارێزگاریش هۆکاری تەواونەبوونی پڕۆژەکان ئاشکرا دەکات

 

بە مەبەستی دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی مەترسییەکانی لافاو، بە هاوبەشیی هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی لوبنانی فەرەنسی، کۆنفرانسێکی زانستی لە پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبی و حکومی، سەرۆک و مامۆستایانی زانکۆ، پسپۆڕان و شارەزایانی بواری ژینگە و ئاوەدانکردنەوە، کۆنفرانسی زانستیی (لافاوەکانی شاری هەولێر، هۆکارەکان و ڕێگەچارەکان) بەڕێوەچوو.
لە کۆنفرانسەکەدا، پارێزگاری هەولێر وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە دا، ئەم کۆنفرانسە بەشێکە لەو نەخشەڕێگایەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2021ـەوە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو دایناوە و هاوبەشیی نێوان حکوومەت و ناوەندە ئەکادیمییەکان یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی ئەو ستراتیژییەتە.
سەبارەت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان، ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند: “ئەگەر گرفتە داراییەکان و گوشارەکانی بەغدا نەبوونایە، ئێستا 100%ـی پلانەکانی بەرەنگاربوونەوەی لافاو جێبەجێ کرابوون، بەڵام سەرەڕای ئاستەنگەکان، بە ڕێنمایی و چاودێریی سەرۆکی حکوومەت، توانراوە نزیکەی 30%ـی پلانە ستراتیژییەکان لە شاری هەولێر جێبەجێ بکرێن.”
پارێزگاری هەولێر تیشکی خستە سەر لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی شارەکە و وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ زیانلێکەوتووان و کاسبکاران، سەرەخۆشی لە کەسوکاری هەردوو قوربانیی لافاوەکە کرد؛ کە یەکێکیان گەنجێک بوو لە کاتی هەوڵدان بۆ ڕزگارکردنی هاووڵاتییان گیانی سپارد و ئەوی دیکەشیان منداڵێکی پێنج ساڵان بوو.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆنفرانسەکەدا، پسپۆڕان و توێژەرانی هەردوو زانکۆ چەندین توێژینەوەی مەیدانی و پێشنیازی زانستییان بۆ چۆنیەتیی ئیدارەدانی ئاوی باران و پاراستنی ژێرخانی شار خستە ڕوو، هاوکات جەخت لە بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان زانکۆکان و دامودەزگا خزمەتگوزارییەکانی پارێزگای هەولێر کرایەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

لەبانكەكانی عێراق مووچەی خانەنشیان بە بیانووی نەبوونی سیوولە نادرێت

سەڵاح

پەیاما سەرۆکێ حکومەتا هەرێما کوردستانێ ب ھەلکەفتا جەژنا چلێ ھاڤینێ

دڵشاد

ئوردن کوژرانی زیاتر لە ٢٠ ئەندامی داعشی لە سووریا ڕاگەیاند

سەڵاح