ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

مەریوان قەرەنی: دادگای فیدڕاڵی دەزانێ بڕیارەكانی لە بەرژەوەندیی تاقمێكی سیاسیی عێراقە

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، کە ماوەیەكە دادگای فیدڕاڵیی عێراق بەردەوام بڕیار دەدات، هەموو بڕیارەكانیش لە قازانجی ناوەندگەرایی عێراق و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستانە.
مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسینێكی بڵاو كردووەتەوە كە تێیدا ئاماژەی بەوە داوە: ”ماوەیەكە دادگای فیدڕاڵیی عێراق بەردەوام بڕیار دەدات، هەموو بڕیارەكانیش لە قازانجی ناوەندگەرایی عێراق و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستانە.

ڕوونیشی كردووەتەوە: ”بەكارخستنی دادگای فیدڕاڵی بۆ ئەم جۆرە بڕیارانە، جگە لەوەی ئامانج لێی دژایەتیكردنی سیستەمی فیدڕاڵیی عێراقە كە زۆر كەس و لایەن كردوویانە بە پاساو بۆ شاردنەوەی شكست و گەندەڵی و كەموكوڕییەكانی خۆیان، هەروەها ڕێیەكە لەو ڕێگایانەی كە بە پاڵپشتیی وڵاتێكی ئیقلیمی، بۆ هەمواركردنەوەیەكی رانەگەیەندراوی دەستوور پەنای بۆ دەبات.“
مەریوان قەرەنی نووسیویەتی: ”ڕوونتر بڵێم، دەستووری 2005ی عێراق ڕێوشوێنی ئاڵۆزی بۆ هەمواركردنەوە داناوە كە زۆر زەحمەتە بە ئاسانی بتواندرێت ئەو هەمواركردنەوەیە تێپەڕێندرێت، بەڵام لە لایەن دادگای فیدڕاڵییەوە لەژێر ناوی تەفسیر و چاودێریكردنی دەستووریبوونی یاساكان، زۆر بە ئاسانی تەفسیری ئەوتۆ دەخەنە ڕوو كە جێگەی دەقە دەستوورییەكان دەگرێتەوە، لە كاتێكدا بە ڕای ئێمە، ئەمە ئەوپەڕی ناڕاستگۆییە لەگەڵ گەل، چونكە دەستوور لە لایەن گەلەوە بڕیاری لەسەر دراوە، بەڵام دادگای فیدڕاڵی تەنیا چەند دادوەرێكن كە دادگاكەشیان بەپێی ماددە 92ی دەستوور دروست نەبووە و خۆی پرسیاری لەسەرە.“
هەروەك جەختی لەوە كردووەتەوە: ”وێڕای هەموو ئەمانە، جێی پێكەنینە كاتێك دەبینین ئەوەی كە دادگاكە بۆ هەرێمی كوردستان بە نادەستووری و حەرامی دەزانێت، كەچی بۆ عێراق ئاساییە و دادگاكەش هیچ هەڵوێستێكی نییە. دوو نموونەی بچووك دەهێنینەوە: یەكەمیان، دادگای فیدڕاڵی سیستەمی كۆتای مەسیحی و توركمان و ئەرمەنی لە هەرێمی كوردستان بە نادەستووری دانا، كەچی لە پەرلەمانی عێراقدا پێكهاتەكان كۆتایان هەیە و دادگای فیدڕاڵییش ناڵێت نادەستوورییە! دووەم، دادگای فیدڕاڵی لە بڕیارەكەیدا هەرێمی كوردستانی بەوە پابەند كردووە كە لیستی سەرجەم مووچەخۆرانی بۆ وەزارەتی دادی عێراق بنێرێت، لە كاتێكدا وەزارەتی دارایی عێراق ناتوانێت لیستی هەموو مووچەخۆرانی عێراق ببینێت، بۆ نموونە تەنانەت ناشزانێت هێزەكانی حەشدی شەعبی چەند سەد هەزار كەسن و هەر ڕۆژەی ژمارەیەك دەگوترێ!“
لە كۆتاییدا جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت: ”دادگای فیدڕاڵی دەزانێ بڕیارەكانی لە بەرژەوەندیی تاقمێكی سیاسیی عێراقە كە ئەو تاقمەش خۆیان سەر بە وڵاتێكی ئیقلیمین، بۆیە ئاوا كەوتووەتە وێزەی كورد، ئەگینا نە دادگای فیدڕاڵی و نە غەیری دادگاكەش حەدیان نییە داوای لیستی مووچەی هێزەكانی حەشدی شەعبی بكەن، بڕیارێكی ئاواش بدەن، بە دوو سەعات دەڵێن دادگاكە دەستووری نییە و هەڵیدەوەشێننەوە!“

رێباز یونس

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕاگەیەنراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە

یاسین

ئێران کردنەوەی ژووری هاوبەشی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە پێویست دەزانێت

سەڵاح

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ پارێزگار و كارگێڕيى دهۆك كۆبووه‌وه‌

یاسین