ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، کە ئابووریی عێراق پاش ئەم بڕیارەی توركیا بە تەواوی كەوتە نێو گەورەترین هەڕەشە و مەترسییەوە، چونكە بچووكترین كێشە لە كەنداو ڕوو بدات، عێراق ناتوانێت نەوتەكەی خۆی هەناردە بكات، بەم جۆرەش قەیرانی گەورەی ئابووری بۆ عێراق دروست دەبێت.
ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: ڕۆژنامەی فەرمیی توركیا بڵاوی كردەوە كە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، ئەو ڕێككەوتنەی نێوان وڵاتەكەی و عێراق، لەبارەی هەناردەكردن و گواستنەوەی نەوتی خاو لەنێوان هەردوو وڵات نوێ ناكاتەوە، كە لە ساڵی 1973 واژۆ كراوە، كۆتاییهێنان بەم ڕێككەوتنە، لە لایەكەوە بە مانای كۆتاییهێنان بە ڕێگرییەكانی عێراق بۆ سەر هەناردەكردنی نەوتی كوردستان دێت و لەمەودوا دەتوانرێت هەر كاتێك حكوومەتی هەرێمی كوردستان بیەوێت، نەوتی كوردستان هەناردە بكات، هەروەها بە مانای ئەوەش دێت كە عێراق هیچ جێگرەوەیەكی نییە بۆ هەناردەكردنی نەوت، جگە لە بەندەری فاو لە بەسڕە.
ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان گووتی: هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی كەنداوەوە لەم ساڵانەی دواییدا زۆر دژوار بووە، جموجۆڵی حووسییەکانی یەمەن لە لایەك، هەڕەشەكانی ئێران بۆ داخستنی گەرووی هورمز لە لایەكی تر، گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و هێرشە مووشەكییەكان بۆ سەر وڵاتانی ناوچەكە، هەموویان كاریگەرییان لەسەر جموجۆڵە بازرگانییەكان لە كەنداو هەیە، بە كورتییەكەی ئابووریی عێراق پاش ئەم بڕیارەی توركیا بە تەواوی كەوتە نێو گەورەترین هەڕەشە و مەترسییەوە، چونكە بچووكترین كێشە لە كەنداو ڕوو بدات، عێراق ناتوانێت نەوتەكەی خۆی هەناردە بكات، بەم جۆرەش قەیرانی گەورەی ئابووری بۆ عێراق دروست دەبێت.
هەروەها ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەشی بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە عێراق پێشتر ئومێدی بەوە هەبوو كە ئەگەر گەرووی هورمز دابخرێت، ئەوا پەنا بۆ گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی توركیا دەبات، یان جاروبار خەون و خەیاڵی ئەوەیان دەكرد كە ڕێگەیەك بكەنەوە تاوەكوو راستەوخۆ بۆڕییەك بۆ توركیا بگوازنەوە جیاواز لە بۆڕییەكەی كوردستان، بەڵام پاش بڕیارەكەی توركیا، ئەمانە هەمووی بوون بە ڕابردوو، ئیدی عێراق یەکێک لە دەروازە سەرەكییەکانی هەناردەكردنی نەوتەكەی خۆی لەدەست دا كە ئەویش توركیا بوو.
رێباز یونس

