لە سلێمانی بەهۆی كێشەیەكەوە، دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانە و بەشەخۆراكی رەمەزان لە دواكەوت. بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانیش دەڵێت كێشەكە چارەسەر بووە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان، راگەیاند: “ماوەیەكە دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی دووەم و خۆراكی تایبەتی مانگی رەمەزان کراوە، بەڵام لە سلێمانی کەمێک دواکەوت، ئێستا دابەشکردن لە سلێمانییش هاوشێوەی ناوچەكانی دیكە زۆر بەخێرایی دەستی پێکردووە.”
سەبارەت بە هۆكاری دواكەوتنەكە ئاشکرای کرد: “بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی بازرگانی، دەبێت بریكارەكانی خۆراك بۆ گەڕاندنەوەی پارەی هاووڵاتییان ئەژماری بانكییان هەبێت، زیاتر لە مانگێکە ئاگادار کراون بۆ تەواوكردنی ئەو بابەتە، زۆربەیان كارت و ئەژماری بانكییان هەیە و كەمێكیان ماون و ئەوانیش تەواو دەكرێن.”
نەوزاد شێخ کامیل، جەختی كردەوە، هەموو مادەکان لە کۆگاکان هەن و كێشەی نییە. کە بریتین لە شەكر، زەیت، دۆشاوی تەماتە، برنج، نیسك و لەتکەنۆک. هەروەها بەشەخۆراکی مانگی رەمەزانیش هەریەكە لە نیشاستە، مەعکەرۆنی، ئاردی سفر و شەعریەی لەگەڵدا دابەش دەکرێت، وێڕای ئەوەی بەشەئاردیش دەستی پێکردووە.“