ڕۆژی پێنجەشەممە تیمێکی نوسینگەی سلێمانی مافی مرۆڤ بەشداڕیان کرد لەدانیشتی دووەمی دادگایی کردنی شاسوار عبدالواحد سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەدادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی لەدادگای کەتنی /٤
ناوبراو بەپێی ماددەی (٤٣١)لەیاسای سزادانی عێڕاق تۆمەتبارکراوە کەلەلایەن ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بەناوی (ش.ن) سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە.
دانیشتنی دادگاییەکە لە دادگای کەتنی (4)ی سلێمانی بەڕێوەچوو، دانیشتنەکە بۆ ماوەی دوو کاتژمێرو نیوی خایاند، بە ئامادەبوونی سەرۆکی دادگاو ئەندامانی دادگا و ئەندامی داواکاری گشتی و پارێزەرەکانی هەردوولا وژمارەیەک پەرلەمانتار و کەسوکاری تۆمەتبار.
وتەکانی (6) شاهید لە دۆسیەکە وەرگیرا کە سەرجەمیان تۆمەتەکانی سەر تۆمەتبارکراویان ڕەتکردەوە و پاشان لائیحەی یاسایی بەرگری پارێزەرەکان پێشکەشی دەستەی دادگا کراو، بەهۆی یەکلایی نەبونەوەی دۆسیەکەو نەگەیشتن بەبڕیاری حوکمی کۆتایی دانیشتنەکە دواخرا بۆ ڕیکەوتی ٢/٩/٢٠٢٥
سەبارەت بەڕوودانی پێشێلکاری بەگوێرەی ووتەی ئەندامانی پەرلەمانی نەوەی نوێ ئاماژەیان بەوەداوە کە چەند کەسێک بەجلی مەدەنیەوە هێرشیان کردۆتە سەر ئەو خەڵکەی لەوێ ئامادەبونەوتوندوتیژی بەکارهاتوە ئێمە وەکو دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕایدەگەینین نیگەرانین لەو کردارە ودژی هەموو جۆرە پێشێلکاریەکین و بەهەموو شێوەیەک توندوو تیژی ڕەت دەکەینەوە.
چونکە ناکرێ لەناو حەرەمی دادگاش ڕێگە بەو جۆرە کارانە بدرێ و هیوادارین لایەنی پەیوەندیدار لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکات و لای خۆشمانەوە چاودێری دەکەین.
ئێمە لەڕاگەیاندنەکان بینیمان باس لەهەندێ حاڵەتی تووندوتیژی دەکرێ بەرامبەر ئەو کەسانەی بۆ دادبینی لەوێ ئامادەبونە بۆیە بەدڵنیاییەوە بەدوا داچون دەکەین و داواش دەکەین بەڵگەکان پێشکەشمان بکرێ و دەستە بەئەرکی خۆی دەزانی بەدوا داچون دەکات.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان
٢٨/٨/٢٠٢٥

