zagros news agency

بە گوژمەی 195 ملیۆن دۆلار بەشی یەكەمی پڕۆژەی دروستكردنی وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر واژوو كرا

– ساسان عەونی: هەر ئەمڕۆ ڕێزدار مەسرور بارزانی بڕیاریدا حەوت بەشەكەی دیكەی پڕۆژەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر جێبەجێ بكرێت

– بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا گرفتی ئاوەڕۆی هەولێر لەسەر دەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكرێت

گرێبەستی بەشی یەكەمی پرۆژەی وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر بە گوژمەی 195 ملیۆن دۆلار واژوو كرا و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش موژدەیەك ڕادەگەیەنێت و دەڵێت: هەر ئەمڕۆ لەلایەن نووسینگەی ڕێزدار سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە ئاگادار كراینەوە كە ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە هەر حەوت بەشەكەی دیكەی ئاوەڕۆی هەولێر لەسەر ئەركی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەلایەن كۆمپانیای خۆماڵییەوە بە كوالێتی بەرز و ستانداردی جیهانی دروست دەكرێت. ساسان عەونی دەشڵێت: بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا گرفتی ئاوەڕۆی هەولێر لەسەر دەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 9-9-2025 لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، ئیندۆ ئەكیرا، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، عەبدولحەكیم خەسرۆ، بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەداواچوون، كونسوڵی توركیا لە هەولێر، كونسوڵی ژاپۆن لە هەولێر، سەرۆكی دەستەی ڕاوێژكاران لە حكوومەتی عێراق، بەڕێوەبەری جایكا لە عێراق و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەتی فیدراڵی، ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی، سەرۆكی شارەوانی، بەڕێوەبەران لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەت و فەرمانگە پەیوەندارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێوڕەسمی واژووكردنی پڕۆژەی دروستكردنی بەشێك لە وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر بەڕێوەچوو.

لە ڕێوڕەسمەكەدا هەریەكە لە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری پرۆژەكان لە جایكا و بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ وتاریان پێشكەش كرد و باسیان لە گرنگی پڕۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆی هەولێر كرد كە ئەم پڕۆژەیە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر دەبێت و هاوكات سوودی بۆ كشتوكاڵ و ئاودانی ناوچە سەوزاییەكان دەبێت.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی ئەم بەشەی پڕۆژەكەوە ڕایگەیاند: جێگەی خۆشحاڵیمانە كە ئەمڕۆ گرێبەستێكی گرنگی پڕۆژەی دروستكردنی بەشێك لە وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر واژوو دەكەین كە بە پڕۆژەی قەرزی ژماره‌ (IQ-P23)ی نێوان حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ و حكوومه‌تی ژاپۆن ناسێنراوە و گوژمەی نزیكەی 230 ملیۆن دۆلارە و لە ڕێگە ئاژانسی جایكاوە جێبەجێ دەكرێت.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی ئاوەڕۆی هەولێرەوە گوتیشی: ئاوەڕۆی ڕژاوی ڕۆژانەی هەولێر، بریتییە لە نزیكەی 318 هەزار مەتر سێجا ئاوی قورس لە ڕۆژێكدا، دیزاینی ئامادەكراو بۆ وێستگەی چارەسەری ئەو قەبارە زۆرە لە ئاوەڕۆ ئامادەیە و بەسەر هەشت فەیسدا دابەش كراوە، هەر فەیسێكیش بەسەر دوو بەشدا دابەش كراون كە كۆی پڕۆژەكە لە 16 بەش پێك دێت و كە هەر بەشێك توانای چارەسەری 52 هەزار مەتر سێجا ئاوی قورسی لە ڕۆژێكدا هەیە.

سەبارەت بە واژووكردنی گریبەستەكەی ئەمڕۆ، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: ئەم پڕۆژەیەی ئەمڕۆ كە گرێبەستەكەی واژوو دەكەین، بریتییە لە دروستكردنی یەك بەشی پڕۆژە گەورەكە لە 16 بەشەكەی وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆ بە گوژمەی نزیكەی 195 ملیۆن دۆلار لەگەڵ كۆمپانیای ئیتۆچوی ژاپۆنی و ماوەی جێبەجێكردنی 3 ساڵە، گوتیشی: ئەم پڕۆژەیە گرنگییەكی زۆری هەیە لە پاراستنی تەندروستیی گشتیی هاووڵاتییان و هەروەها سوودی گرنگی بۆ پاكڕاگرتنی خاك و پیسنەبوونی ئاوی ژێرزەوی و بەرووبوومی كشتوكاڵ و پاراستنی ئاوی سەرزەوی و سامانی ماسی و پاراستنی ڕووبارەكان كە ئەو ئاوەی دەپاڵیورێت جارێكی دیكە بۆ ئاودانی بەروبوومی كشتوكاڵی و ناوچەی سەوزایی بەكار دەهێنرێتەوە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سوپاسی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و ئاژانسی جایكا و تیمی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی جایكای كرد كە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە كار لەسەر ئەو بابەتە دەكەن كە ئەمڕۆ بەشێكی ئەو گرێبەستە واژوو كرا.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێوڕەسمەكەدا موژدەیەكی ڕاگەیاند و گوتی: خۆشحاڵم كە وەكوو موژدەیەك پێتان ڕادەگەیەنم بۆ چارەسەری بڕە زۆرەكەی ئاوەڕۆی هەولێر كە دەمێنێتەوە و بڕەكەی 266 هەزار مەتر سێجایە، ئەمڕۆ لە نووسینگەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئاگادار كراینەوە كە ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە بەشە زۆرەكەی وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆ كە دەكاتە حەوت بەش لەسەر ئەركی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەلایەن كۆمپانیای خۆماڵییەوە بە كوالێتی بەرز و ستانداردی جیهانی دروست دەكرێت بۆ بنبڕكردنی پیسبوونی ژینگە و پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان، سەرەڕای ئەم موژدە گەورەیەش هاوشان لەگەڵ دروستكردنی تەواوی بەشەكانی وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆ لەسەر ئەركی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەر چوار دەرچەكەی ئاوەڕۆی هەولێر لەسەر شەقامی 120مەتری و لای فرۆكەخانە و تەنیشت ڕێگەی مووسڵ – تووڕەق، پشت نەخۆشخانەی ڕۆژئاوا، لای مامزاوە، لە هەر چوار دەرچەكەوە تاوەكوو گوندی عارەبكەند كە وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی لێیە، بە درێژایی 12 كیلۆمەتر ئاوەڕۆی داخراوە دروست دەكرێت و بەمەش هەولێری پایتەخت لەم گرفتە لەمێژینەیەی كە هەیەتی بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا لەسەر دەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكرێت.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی ڕێزدار كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەم كە پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ و وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆ دەچێتە پاڵ پڕۆژە گرنگەكانی دیكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەكوو پرۆژەی ڕووناكی و هەژماری من و پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی هەولێر و دروستكردنی ڕێگە دووسایدەكان و شەقامەكان و هەموو پڕۆژە گرنگەكانی دیكەی ژێرخانی هەرێمی كوردستان كە لە خزمەت هاووڵاتییاندان.

پاشان ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر وتارێكی پێشكەش كرد و لە بەشێكی وتارەكەیدا دەستخۆشی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی جایكا كرد بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە و هاوكات ڕاشیگەیاند: ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشین كە پڕۆژەیەكی گەورە و ستراتیژی لە هەولێر گرێبەستەكەی واژوو دەكرێت كە هەولێر دەبێتە یەكەم شار لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەبێتە یەكەم شار بۆ دروستكردنی وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی شاری هەولێر. هەروەها گوتیشی: بەناوی دانیشتووانی شاری هەولێر و پارێزگای هەولێرەوە سوپاس و ڕێز پێشكەش بە باڵیۆزی ژاپۆن و كونسوڵی ژاپۆن و جایكا دەكەین، هەروەها سوپاس و ڕێز بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەكەین بۆ ئەم پڕۆژەیە. پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو گوتیشی: بەدەستپێكردن و تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە هەولێر دەبێتە یەكەمین شار لە ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان كە وێستگەیەكی وا گرنگی بەو كوالێتییە تێدا دروست دەكرێت، ئەمەش خزمەتێكی گەورە بە هەولێر دەگەیەنێت، گوتیشی: دڵخۆشین كە ئەم پڕۆژەیە تەنیا بەو بەشە كۆتایی نایەت و بەشەكانی دیكەش جێبەجێ دەكرێت كە بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە شاری هەولێر دەكەوێتە قۆناغێكی دیكەی گرنگ بۆ هەولێر.

هەواڵی پەیوەندیدار

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌: ڕۆژانه‌ له‌ ڕێگای ئه‌م لینكه‌وه‌ وەڵامی پرسیاری ئەزموونەكانی وەزاری بڵاوده‌كرێته‌وه‌

سەڵاح

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

سەڵاح

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، پێشوازیی له‌ باڵيۆزى فه‌ره‌نسا كرد

یاسین