ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئامادەكارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ دابەشكردنی زەوی دەستیپێكرد

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی حكوومەت و بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەت، ئەمڕۆ سێشەممە 2/4/2024 بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كۆبوونەوەیەكی فراوانی تایبەت بە دابەشكردنی بەڕێوەچوو و ئامادەكارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستیپێكرد.

كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی یاسا و نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرانی گشتی و سەرۆكی شارەوانییەكان لەگەڵ بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان بەڕێوەچوو.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا تیشكی خستە سەر گرنگیی بڕیارەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی زەوی و ئاماژەی بەوە كرد دابەشكردنی زەی، وێڕای ئەوەی سوودی زۆری بۆ فەرمانبەران دەبێت، هاوكات كاریگەریی زۆری لەسەر ئابووری و جووڵەی بازاڕ و گەشەپێدانی سنووری شارەوانییەكانیش دەبێت.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەبووانی كۆبوونەكەی ڕاسپارد كە بەزووترین كات دەست بە ئامادەكارییەكانی دابینكردنی زەوی بكەن و لە كاتێكی دیاریكراودا ڕێكارەكان تەواو بكرێت بۆ ئەوەی ئەوانەی لە بڕیارەكەی حكوومەت سوودمەند دەبن ببنە خاوەن زەوی خۆیان. هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد كە پێویستە ژمارەی مەزەندەكراوی فەرمانبەران بزاندرێت و لەسەر ئەو بنەمایە زەوی دیاری بكرێت.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە نەخشەی كەرتیی زەوییەكان، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، هەر لە ئێستاوە دەبێت ڕەچاوی ماستەرپلانەكان بكرێت و لە نەخشەی كەرتی ئەو زەوییانەی دابەش دەكرێن، دەبێت پانی شەقامەكان و ناوچەی سەوزایی و خزمەتگوزارییە گشتییەكان و لایەنی شارسازی بایەخی تەواویان پێ بدرێت. هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد لە سنووری هەر ماستەرپلانێكدا ئەگەر زەوی بەردەست نەبوو دەبێت سنووری شارەوانییەكان فراوان بكرێن و زەوی بۆ فەرمانبەران دابین بكرێت.

پاشان ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە سەرنجی خۆیان سەبارەت بە شێوازی ئامادەكارییەكە و گرفتەكانیان خستەڕوو و دواتر وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر دروستكردنی لیژنەی تایبەت لە سنووری شارەوانییەكان كردەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بە خێرایی و بە باشترین شێوە بەڕێوە بچێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

پارێزگارێ دهۆکێ هژمارەکا پرۆژێن نوی رەوانەی بجهئینانێ کرن

سەڵاح

هەفتەی داهاتوو نۆیەمین ساڵەی كەمپینی هەفتەی سەلامەتیی دەرمان بەڕێوەدەچێت

سەڵاح

وەزارەتی تەندروستی سێ مەرج بۆ ئەو پزیشکانە دادەنێت کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەرکارەکانیان

سەڵاح