zagros news agency

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: هێزە ئەمنیبەكانی سلێمانی رێگە نادەن سەردانی ئارام قادر بكەین

ئەمڕۆ چوارشەممە 8/10/2025، دەستەی مافی مرۆڤ، روونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: دوای ئەوەی کوڕێکی ئارام قادر، سەردانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی کرد و سکاڵای تۆمار کرد سەبارەت بە دەستگیرکردنی باوکی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە، لە سکاڵاکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە باری تەندروستیی باوکی ناجێگیرە و داواشی کرد ڕێگە بەپارێزەرەکەی بدرێت سەردانی ناوبراو بکات، بۆ وەرگرتنی پەنجەمۆری بۆ مەبەستی ئەنجامدانی ڕێڕەوی یاسایی کەیسەکەی.

لە درێژەی ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە: بۆ ئەو مەبەستە، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە نووسراوی فەرمی ژمارە ١٠٣٧ لە ڕێکەوتی ٢٠٢٥/٩/٩ ئاڕاستەی هێزێکی ئەمنی لە سلێمانی کرد کە ئاسانکاری و هاوکارییان بکرێ. دوای ئەوەش دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە فەرمی لە ڕێگەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی دەستەوە، چەندان جار داوای کرد لە هێزە ئەمنییەکان کە ڕێگە بدەن دەستە سەردانی بکات بۆ ئاگادار بوون لە ڕەوشی تەندروستی و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵیان لە ڕووی مافی مرۆڤەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا ڕێگەیان نەداوە شاندی دەستە سەردانی ئارام قادر بکەن.

ئاماژە بەوەش كراوە: ئێمە  بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین کە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەپێی یاسای ژمارە ٤ ی ساڵی ٢٠١٠ مافی بەدواداچونی هەیە بۆ سەردانی کردنی چاکسازییەکان و بەندیخانەکان و بەدواداچوونی ڕەوشی مافی مرۆڤ بە گشتی لە هەرێمی کوردستان. هەر لەو چوارچێوەیەدا دەستە بە ئەرکی خۆی دەزانێت و بە پێویستی دەزانێت سەردانی ناوبراو بکات و ئاگاداری دۆسیەی ناوبراو و ڕەوشی ژیانی ناوبرا بێت لە چوارچێوەی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ. بەڵام ڕێگریکردن لە دەستە بە مەبەستی سەردانیکردنی شاندی دەستە بۆ لای ناوبراو پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و یاسا کارپێکراوەکانە و کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر دۆسیەکەی ناوبراو وناوبانگی هەرێمی کوردستان و ڕەوشی مافی زیندانیان بەگشتی.

دەستەی مافی مرۆڤ، داواش دەکات: هەرچی زووە هێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانی کاتێک دیاری بکەن  بۆ سەردانی کردنی تیمی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ وە پارێزەر بۆلای ناوبراو.

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا جێگیرە

سەڵاح

پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی (٣٥)ەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی گەلەکەمان

دڵشاد

لە پارێزگای دیالە ژمارەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن زیادی کردووە

سەڵاح