ڕێگای كۆیە – هەولێر، کە بە شادەماری ڕێگاكانی كوردستان دادەندرێت و پڕۆژەیەكی ستراتیژی و گرنگی ڕێگاوبانی سنووری پارێزگای هەولێرە، لە سەر فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆك وەزیرانى هەرێمى کوردستان، بە گوژمەی ( 560 ملیار و 443 ملیۆن دینار ) بە بەرزترین ئاستی کوالێتی جیهانی دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و كارکردن تێیدا بەدرێژی ( 37 ) كیلۆمەتر لەلایەن کۆمپانیای ئوزان بەردەوامە.
ڕێگاکە، کە سێ لاین ڕۆیشتن و سێ لاین هاتنە و پانی هەر لاینێکی ( 12 ) مەترە، بە سێ چینی ( 22 ) سانتیمەتری قیڕدەکرێت، ڕێگاکە ( 6 ) ئۆڤەر پاس، ( 5 ) ژێر پرد و پردێکی گەورەی بە درێژی ( 250 ) مەتری تێدایە، ئەوە بێجگە لە دروستکردنی ( 160 ) ئاوبڕی کۆنکرێتی.
پڕۆژەکە بەشێكە لە تۆڕی شادەماری ڕێگاوبانی کوردستان و هەولێری پایتەختی هەرێمى كوردستان دەبەستێتەوە بە پارێزگاكانی ( سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆكان ) لە هەولێریشەوە بەرەو پارێزگای دهۆك، بە تەوابوونی دووری مەودای نێوان ( هەولێر – کۆیە ) بۆ ماوەی 27 خولەک کەم دەبێتەوە.

