ئەمڕۆ دووشەممە 2025.10.13، بە ئامادەبوونی د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و چنار سەعد عەبدوڵڵا، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێری پارتی و د.دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر و بەڕێوەبەر و پزیشكانی نەخۆشخانەكە، لە پێناو پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری باشتر بۆ هاووڵاتییان، لە ڕێورەسمێكدا هەردوو پرۆژەی سیستەمی تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی و بەشی راوێژکاری دوای نۆژەنکردنەوەی لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایک بوونی فێرکاری هەولێر كرایەوە.
دوای كردنەوە و بەسەركردنەوەی هەردوو بەشەكە، پارێزگاری ھەولێر ستایشی بیرۆکە و جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی کرد، ھاوکات دەستخۆشی لە بەڕێوەبەری نەخۆشخانە و پزیشك و کارمەندانی نەخۆشخانەكە و ھەموو ئەوانەش كرد كە لەو ئەرکدا هاوكاربوونە و كارەكانیان بەشێوەکی ڕێکوپێک ئەنجامدراون بۆ خزمەتكدرنی ھاووڵاتیانی شاری ھەولێرو دەورووبەری بە گشتی و ئافرەت و منداڵان بە تایبەتی.
جێگەی باسە، جگە لە نۆژەنكردنەوەی بەشی ڕاوێژكاری كە پێشكەشكردنی چارەسەر و خزمەتگوزاری تەندروستیە پێویستە بە چارەخوازان، سیستەمی تۆمارکردنی ئەلیکترۆنیش، سیستەمێکی نوێیە بۆ نەخۆشخانەکە، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان لەناو نەخۆشخانە بكرێت و نۆرە و كاتی سەردانی دیاریبكرێت و چارەخواز بە مافی خۆی چاوی بە پزیشکی پسپۆر بکەوێت، ئەوە جگە لە ڕێكخستنی کاروباری نەخۆشخانەکە، هەروەها ئەو سیستەمە هۆكارێكیشە بۆ كەمكردنەوەی پاڵەپەستۆی سەر نەخۆشخانەکە، ئەمەش لە پێناو باشتر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ نەخۆش.

