لایه‌نه سیاسییه‌كانی شیعه به‌تایبه‌ت (چوار چێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی) كه‌وتونه‌ته گفتووگۆ چڕ بۆ ئه‌وه‌ی رێككه‌ون له‌سه‌ر دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عێراق، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش بریاره له‌چه‌ند رۆژی داهاتوو ناوی ئه‌و كاندیده پێشكه‌شی لایه‌نه براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی عێراق بكه‌ن، و راوێژكاری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی وه‌ك حزبی براوه‌ی یه‌كه‌می عێراق زانیاری ده‌خاته‌روو.
عارف رووشدی، راوێژكاری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ زاگرۆس گوتی: “نازانین كه‌ی شیعه‌كان رێكده‌كه‌ون له‌سه‌ر كاندیدی هاوبه‌شیان بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عێراق، چونكه ئه‌وانیش له‌ناوخۆیاندا گفتووگۆ ده‌كه‌ن، گرفتی ئێمه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌وه‌یه كه له‌ناوخۆی خۆماندا په‌رته‌وازه‌ین هێشتا نه‌گه‌یشتوینه‌ته سه‌ر پاركێجێكی هاوبه‌ش”.
راشی گه‌یاند: ئێمه وه‌ك پارتی حه‌زده‌كه‌ین لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش بێنه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه چ لایه‌نێك له عێراقدا نزیكه له جێبه‌جێكردنی مافه ره‌واكانی گه‌لی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه بچینه پێشه‌وه و ناكرێت دوور له خواستی خه‌ڵك له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌كان رێككه‌وین، و ده‌بێت ئێمه هه‌وڵ بده‌ین گه‌ره‌نتی وه‌ربگرین له‌رێگای لایه‌نی سێیه‌مه‌وه، وه‌ك هاوپه‌یمانان و ئه‌مه‌ریكا یان نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان یان ده‌وڵه‌تانی دراوسێ، گرنگه ئێمه خۆش باوه‌ڕنه‌بین بچینه پێشه‌وه و به‌ئاسانی ده‌نگ بده‌ینه كابینه‌یه‌كی نوێی عێراق كه مافه‌كانمان گه‌ره‌نتی نه‌كرابێت.

