ڕۆژی دووشەممە 15ی کانونی یەکەمی 2025، بهڕێز “فارس عیسا” سهرۆكى نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لە نوسینگەی تایبەتی خۆیدا، پێشوازی لە مير”حازم تەحسین بەگ” ميرى ئێزديان و شاندی یاوەری کرد، كه پێکهاتبوون لە بهڕێزان “د.خەڵەف شنکاری” ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی فیدراڵی و باڵیۆز “برین میر” باڵوێز لە وەزارەتی دەرەوەى عێراق.
لە میانی دیدارەکەدا، باس لە ڕێگاکانی پتەوکردنی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە، لەنێوان پێکهاتە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، و ڕۆڵی حکومەتی هەرێم لە چەسپاندنی بەهاکانی پێکەوەژیان و برایەتی، لەنێوان هاووڵاتیانی کوردستاندا کرا.
هەروەها هەردوولا ، باسیان لە دۆخی ئێزیدییە ئاوارەکان کرد، کە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، و بەدواداچوون بۆ ڕێگاکانی چارەسەرکردنی کێشەکانیان، وکەمکردنەوەی ئازارەکانیان، و دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئازاد و شکۆمەند و شایستە بە قوربانیدانەکانیاندا.
هەروەها ڕێککەوتنی شەنگال، کە لە نێوان ههردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان واژۆ کراوە، هاوکات لەگەڵ ڕۆڵی نوێنەرایەتی لە چاودێریکردنی ئەم پرسە گرنگە تاوتوێ کرا.
لە کۆتایی ديدارهكهدا مير” حازم تەحسین بێگ” سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان ، به تايبهتى جهنابى سهرۆك مەسعود بارزانی، دەربڕی، بۆ ڕۆڵی لە پێشخستنی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە، و جەختکردنەوەی بەردەوام، لەسەر مافەکانی پێکهاتە كوردستانييهكان.

