ئەمڕۆ سێشەممە 16ی کانونی یەکەمی 2025، بەڕێز سەرۆک کۆمار دکتۆر “عەبدولەتیف ڕەشید” لە نووسینگەى تایبەتى خۆیدا، پێشوازیکرد لە بەڕێز “فارس عیسا” سەرۆکى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا.
لە میانى دیدارەکەدا، باسیان لە بابەتەکانی پەیوەست بە ئەنجامدانی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران لە خولە نوێیەکەیدا کرد.
هەروەها باس لە ڕادەی زیانەکانی گیانى و ماڵى و کەلوپەلی هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان کرا ، کە بەهۆی ئەو لافاوەی هەفتەی ڕابردوو ،چەند ناوچەیەکی هەرێمی گرتەوە، زیانیان بەرکەوت.
لای خۆیەوە بەڕێز “فارس عیسا” دووپاتی کردەوە کە، هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم چڕ و بەردەوامن بۆ کەمکردنەوەی خەم وئازارەکانی دانیشتوانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو، بەپێی دەستوور و یاسا.
لە کۆتایی دیدارەکەدا،بەڕێز سەرۆکی کۆمار، ستایشی ڕۆڵ و هەوڵەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە بەغدا کرد، لە بتەوکردنی پەیوەندییەکان، و بەشداریکردن لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەتی عێراق و هێزە سیاسییەکان.

