zagros news agency

خدر مه‌نتك بۆ زاگرۆس: ئەمڕۆ له‌هه‌مووكات زیاتر تێده‌گه‌ین بوونی سه‌رۆك بارزانی چه‌نده‌ مه‌زنه‌

چاودێرێكی سیاسی و په‌رله‌مانتاری پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق باس له‌ گرنگی رۆلی سه‌رۆك بارزانی ده‌كات له‌ ناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌ت هه‌وڵه‌كانی بۆ ئارامی و راگرتنی جه‌نگ له‌ رۆژئاوای كوردستان.

خدر مه‌نتك بۆ زاگرۆس گوتی: “ئەمڕۆ، کاتێک سەیری نەخشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتاییبەتیش دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین، تێدەگەین کە بۆچی کورد لە هەر کاتێک زیاتر پێویستی بە سەرۆک مەسعوود بارزانی هەیە. بارزانی لێرەدا تەنیا وەک ڕێبەرێکی سیاسی دەرناکەوێت، بەڵکو وەک چەقی سەقامگیری و باوکی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت لە ناو جەرگەی ئەو ئاژاوە نێودەوڵەتییەی لە سووریا کە بەرۆکی کوردی گرتووە دەردەکەوێت.

ئه‌وه‌شی خسته‌روو: مەرجەعییەتی بارزانی تەنها پلەوپایەیەک نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە. لە زانستی کۆمەڵناسی سیاسیدا کاتێک دامەزراوەکان لە بەرامبەر گۆڕانکارییە خێراکاندا تووشی ئیفلیجی دەبن، مەرجەع دەبێتە ئەو بکەرە تاقانەیەی کە ڕەوایی و ئاڕاستە بە کۆمەڵگە دەبەخشێتەوە. سەردانی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی بۆ ڤاتیکان و پێشوازیی لێکردنی لەلایەن پاپاوە، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر ئەوەی کە جیهان تەنیا وەک سەرۆکی حزبێک سەیری ناکات، بەڵکو وەک (باوکی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت) مامەڵەی لەگەڵ دەکات. ئەمە گواستنەوەی کێشەی کوردە بۆ ناو ویژدانی جیهانی و چەسپاندنی وەک پێویستییەکی مۆڕاڵی و مرۆیی لە بەرزترین ناوەندی بڕیاری ئایینی و سیاسیی جیهاندا.

ئه‌وه‌شی خسته‌روو: ئەو قەیرانە قووڵەی کە لە سەرەتای ساڵی 2026دابەرۆکی ڕۆژئاوای کوردستانی گرت، وێنەیەکی تەمومژاوی بۆ داهاتووی کورد کێشاوە. کشانەوەی تاتیکیی هێزە نێودەوڵەتییەکان و هێرشە دڕندانەکانی چەکدارەکان بۆ سەر گوندەکانی کۆبانێ و تاڵانکردنی ماڵی خەڵک، کوردیان خستە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی. لێرەدا بارزانی وەک فریادڕەس دەرکەوت و پیرمام بوو بە چەقی بڕیاری چارەنووسی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان. سەرۆک بارزانی لەم ساتەدا هەموو قورسایی و کاریگەریی خۆی خستە گەڕ بۆ ئەوەی ڕۆژئاوای کوردستان بپارێزێت. هەوڵە بێوچانەکانی بۆ گەیشتن بە فەرمانی کۆماری لەگەڵ ئەحمەد شەرع، شۆڕشێکی سپی بوو لە بواری سیاسییدا. ئەم فەرمانە تەنها دەقێکی یاسایی نییە، بەڵکو بەرهەمی ئەو متمانە مێژووییەیە کە تەنها بارزانی هەیەتی. ئەو توانی لە ڕێگەی کەناڵی دیپلۆماسییەوە، ئەوە بپارێزێت کە خەریک بوو لە مەیدانی جەنگدا لەدەست بچێت.

خدر مه‌نتك راشی گه‌یاند: ئەمڕۆ جیهان شایەدی دیمەنی سەردانی سەرۆک بارزانی بوو بۆ ئیتاڵیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تایانی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا. تایانی بەناوی حکوومەتی وڵاتەکەیەوە ستایشی ڕۆڵی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی کرد لە پاراستنی سەقامگیری و بەدیهێنانی ئاشتی لە سووریا. ئەم دیدارە پەیامێکی ڕوونی بۆ هەموو نەیارانی کورد تێدابوو: “کورد خاوەنی هەیە و ئەم خاوەنەش کلیلی سەقامگیریی ناوچەکەیە”. شرۆڤەی سیاسیی ئەم سەردانە پێمان دەڵێت؛ کە بارزانی سەرقاڵی دروستکردنی “پارێزبەندییەکی ئەخلاقی و نێودەوڵەتییە” بۆ ڕۆژئاوای کوردستان تاوەکو دووریان بخاتەوە لە هەر ئەگەرێکی وێرانکاری. ئەو دەزانێت کە چەکەکان بە تەنها ناتوانن قەوارە بپارێزن، بەڵکو پێویستت بە دانپێدانانی جیهانی هەیە. بارزانی ئەو کەسەیە کە لەگەڵ پێشمەرگەدا بە زمانی چیا، و لەگەڵ پاپا و وەزیرانی جیهاندا بە زمانی بەرژەوەندییە باڵاکان دەدوێت.

ناوبرا گوتیشی: “مەرجەعیەتی بارزانی تەنها ناونیشانێکی سیاسی نییە، بەڵکو ئەو ڕایەڵە مێژووییەیە کە لە کاتی پچڕانی هەموو هیوایەکدا، پارچەکانی نەتەوە بە یەکترییەوە دەبەستێتەوە و ڕێگری لە ونبوونی شوناس دەکات؛ بارزانی ئەو ڕایەڵەیە کە کوردستانی لە هەناوی گەردەلوولەکاندا بە زیندوویی هێشتووەتەوە”.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەڵاح

شه‌پۆلێكی بارانبارین و هەورەتریشقە هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌

سەڵاح

بەشێكی مووچەخۆران ئاگادار دەكرێنەوە

یاسین