ئەمڕۆ سێشەممە، 2026/5/5، بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بەبۆنەی “ڕۆژی کێڵگە” لە بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر سازکرا.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی، شارەزایانی کەرتی کشتوکاڵ و جوتیاران تێیدا بەشداربوون، تیشک خرایە سەر گرنگی توێژینەوە زانستییەکان بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ. ئامادەبووان جەختیان لە پێویستی گونجاندنی جۆرەکانی گەنم و دانەوێڵە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای ناوچەکە کردەوە، بەو ئامانجەی زۆرترین و باشترین بەرهەمی ناوخۆیی بەدەستبهێنرێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە گوتەیەکدا دەستخۆشی لە تیمەکانی توێژینەوە کرد و ڕایگەیاند: “کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر، بەردەوام پشتیوان و هاوکاری کەرتی کشتوکاڵ دەبن.” ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم کەرتە پایەیەکی سەرەکییە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، وەزیری کشتوکاڵ و پارێزگاری هەولێر و میوانەکان، بەشە جیاوازەکانی کێڵگە تاقیکارییەکانیان بەسەرکردەوە. لە نزیکەوە ئاگاداری دوایین ئەنجامی توێژینەوەکان و ئەو نموونە نوێیانەی دانەوێڵە بوون کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکە پەرەیان پێدراوە، بڕیارە لە داهاتوودا ئەو جۆرە نوێیانە بخرێنە بەردەست جوتیاران بۆ ئەوەی لە کێڵگەکانیاندا سوودی لێ ببینن.

