zagros news agency

ناوخۆ و کشتوکاڵ بۆ پاراستنی ژینگە کۆدەبنەوە؛ سووتاندنی پەرێزی زەوی قەدەغە کرا

تیمی باڵای وەزارەتەکانی ناوخۆ و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە؛ تێیدا چەند بڕیارێکی توند بۆ پاراستنی ژینگە و ڕێگری لە زێدەڕۆیی سەر سامانە سروشتییەکان دەرکران، لەوانەش قەدەغەکردنی سووتاندنی پەرێزی زەوییە کشتوکاڵییەکان.

رۆژی دووشەممە، ١١-٥-٢٠٢٦، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و شاندێکی یاوەری کرد. ئامانجی کۆبوونەوەکە توندوتۆڵکردنی هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوو وەزارەت بوو بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە سەرپێچییەک بۆ سەر دارستان، زەوییە کشتوکاڵییەکان، پاوەن و سەرچاوە ئاوییەکان.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، وەزیری ناوخۆ جەختی لە ڕاسپاردەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژینگەپارێزی و پاراستنی سامانی سروشتی کوردستان.

گرنگترین بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە:

١. قەدەغەکردنی سووتاندنی پەرێز: بڕیاردرا بە هەموو شێوەیەک سووتاندنی قەسەڵ و کڵۆش و پەرێزی زەوییەکان لەلایەن جوتیارانەوە دوای دروێنە قەدەغە بکرێت، ئەمەش بەهۆی کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر خاک و زیندەوەران و مەترسیی کەوتنەوەی ئاگرکەوتنەوەی گەورە.

٢. ڕێگری لە زێدەڕۆیی: جەختکرایەوە لە لابردنی هەر جۆرە زێدەڕۆییەک بۆ سەر ئاوی ژێر زەوی، دارستانەکان، بەنداو و دەریاچەکان.

٣. زیادکردنی نوێنەرایەتی: بڕیاردرا نوێنەرانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە لیژنەکانی پاراستن و چاککردنی ژینگە لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان زیاد بکرێن.

٤. هەماهەنگی ئەمنی: ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، فەرمانی بە پارێزگارەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کرد کە بڕیارەکان وەک خۆیان جێبەجێ بکەن، هاوکات هەماهەنگی نێوان پۆلیسی دارستان و فەرمانگەکانی کشتوکاڵ بۆ کارکردن وەک یەک تیم چالاکتر بکرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا، وەزارەتی کشتوکاڵ داتا و پێشنیازەکانی خۆی بۆ باشتر بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان و پاراستنی دارستانەکان خستە ڕوو، کە بڕیارە وەک گشتاندن ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێت بۆ ئەوەی لەم وەرزەدا ڕێگری لە هەر زیانێکی ژینگەیی بگیرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە هەڵسووڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق دەكات

سەڵاح

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی باڵیۆزی بەریتانیا دەکات

سەڵاح

ئیدارەی ئەمریکا: هەوڵه بەردەوامەکانمان بووه هۆی هەناردەکردنەوەی نەوت بۆ تورکیا

سەڵاح