zagros news agency

حکومەتی هەرێمی کوردستان زنجیرەیەک بڕیاری نوێی بۆ پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی زێدەڕۆییەکان دەرکرد

بڕیارەکان سزای دارایی تا هەشت ملیۆن دینار و قەدەغەکردنی نایلۆن و سووتاندنی پەرێزی زەوییە کشتوکاڵییەکان لەخۆدەگرێت.

رۆژی سێشەممە، ١٢ی ئایاری ٢٠٢٦، بە واژۆی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بەپێی فەرمانی ژمارە (١٣٧٨٨)، کۆمەڵێک ڕێکاری نوێ کە لە ٩ خاڵ پێکهاتوون، ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کران. ئەم بڕیارانە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی فراوانی لایەنە حکومییەکان دێن بە مەبەستی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەم بۆ پاراستنی سروشتی کوردستان.

سزای دارایی و تیمی گەڕۆک لە شوێنە گەشتیارییەکان
بەپێی بڕیارە نوێیەکان، فەرمانگەکانی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەسەڵاتیان پێدراوە سزای دارایی بەسەر سەرپێچیکاراندا بسەپێنن، کە بڕەکەی دەگاتە (٨,٠٠٠,٠٠٠) هەشت ملیۆن دینار. بۆ ئەم مەبەستەش، تیمێکی هاوبەش لە (ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی دارستان و نوێنەری ژینگە) پێکدەهێنرێت کە بە شێوەی گەڕۆک لە شوێنە گەشتیارییەکاندا دەبن و “سزای دارایی ڕاستەوخۆ” بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنن کە ژینگە پیس دەکەن.

ماڵئاوایی لە نایلۆن و شووشە؛ کاغەز دەبێتە جێگرەوە
یەکێکی دیکە لە خاڵە گرنگەکانی بڕیارەکە، هاندانی بەکارهێنانی کاغەزە لەبری نایلۆن و شووشە بۆ بەکارهێنانی ڕۆژانە. حکومەت کار لەسەر دیراسەکردنی میکانیزمێک دەکات بۆ پاڵپشتی کارگەکانی کاغەز، تاوەکو بوتڵی ئاو، شیر و عەلاگەی کاغەز جێگەی نایلۆن بگرنەوە، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی پاشماوە زیانبەخشەکان.

قەدەغەکردنی سووتاندنی پەرێز
لەسەر پێشنیاری وەزارەتی کشتوکاڵ، بڕیار درا بە قەدەغەکردنی سووتاندنی “پوش و پەڵاش، قەسەڵ و کڵۆش” لە دوای وەرزی دروێنە. ئەم بڕیارە بۆ پاراستنی زیندەوەران و ڕێگریکردنە لە کەوتنەوەی ئاگرکەوتنەوەی گەورە کە ساڵانە زیانی زۆر بە سامانی سروشتی دەگەیەنێت.

ڕووبەڕووبوونەوەی زێدەڕۆیی
حکومەت بڕیاری داوە لیژنەی تایبەت لەسەر ئاستی پارێزگا، قایمقامیەت و ناحیەکان پێکبهێنرێت بۆ لابردنی هەر جۆرە زێدەڕۆییەک بۆ سەر موڵکی دەوڵەت، دارستانەکان و سەرچاوەکانی ئاو. ئەم لیژنانە دەسەڵاتی یاسایی تەواویان دەبێت بۆ ڕێگریکردن لە هەر شێواندنێکی ژینگەیی.

هۆشیاریی میدیایی
لە خاڵی کۆتایی بڕیارەکاندا، داوا لە فەرمانگەی میدیا و زانیاری و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کراوە، کە بەشداربن لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی و ئاشناکردنی هاووڵاتیان بەو سزا نوێیانەی کە بەسەر سەرپێچیکاراندا دەسەپێنرێت.

ئەم ڕێکارانە وەک هەنگاوێکی کردەیی حکومەت دەبینرێت بۆ سنووردارکردنی ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر ژینگەی هەرێمی کوردستان و پاراستنی هاوسەنگی سروشت.

هەواڵی پەیوەندیدار

دوای هه‌وڵی سه‌رۆكی هه‌رێم ئەمڕۆ یەکەم گەشتی ئاسمانی لە سلێمانی بۆ تورکیا ئەنجام دەدرێت

سەڵاح

لێژنه‌ی دارایی عێراق لەڕێگای زاگرۆسەوە هۆشداریەکی توند دەدات

یاسین

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت پێشوازی لە دامەزرێنەر و سەرۆکی کۆڕبەندی ئاسایشی نێودەوڵەتی هالیفاکس لە کەنەدا کرد

دڵشاد