ئەمڕۆ دووشەممە، ١٨ـی ئایاری ٢٠٢٦، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان کرد.
شاندەکە بە سەرۆکایەتی شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتی هاوردە و هەناردەکاران بوو، کە بە مەبەستی پیرۆزباییکردن لە گەیلان حاجی سەعید بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی، سەردانەکەیان ئەنجامدابوو.
لە دیدارەکەدا، هەردوولا تاوتوێی بارودۆخی بازاڕ و چۆنیەتی پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان رێکخراو و کۆمەڵە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستانیان کرد، بە ئاراستەی گەشەپێدانی زیاتری کەرتی بازرگانی.
لای خۆیەوە، گەیلان حاجی سەعید وێڕای بەخێرهێنانی شاندەکە، پاڵپشتی خۆی بۆ هەماهەنگی زیاتر دووپاتکردەوە و رایگەیاند، یەکێتی ژوورەکان ئامادەی هەموو جۆرە هاوکاری و کارئاسانییەکە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و خزمەتکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان.

