zagros news agency

فارس عیسا و وەزیری گواستنەوەی عێراق پڕۆژەی “ڕێگەی گەشەپێدان” تاوتوێ دەکەن

سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ وەزیری نوێی گواستنەوەی عێراق کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا پڕۆژەی ستراتیژیی “ڕێگەی گەشەپێدان” و پەرەپێدانی هەماهەنگییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە کەرتی گواستنەوەدا تاوتوێ کران.

ڕۆژی دووشەممە، 1ی حوزەیرانی 2026، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، سەردانی وەزارەتی گواستنەوەی فیدراڵی کرد و لەلایەن وەهەب سەلمان محەمەد ئەلحەسەنی، وەزیری گواستنەوەوە پێشوازی لێکرا.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم، لە سەرەتای دیدارەکەدا فارس عیسا بەبۆنەی جەژنی قوربان و دەستبەکاربوونی وەک وەزیری گواستنەوە، پیرۆزبایی لە ئەلحەسەنی کردووە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە.

لە تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا باسیان لە ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی ئاستی هاریکاری و هەماهەنگی نێوان وەزارەتەکانی گواستنەوەی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بە ئامانجی خزمەتکردنی بەرژەوەندییە گشتییەکان و پەرەپێدانی ژێرخانی گواستنەوە لە عێراق.

سەبارەت بە پڕۆژەی “ڕێگەی گەشەپێدان”، فارس عیسا دیدگای حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ وەزیری فیدراڵ ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند: “ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی نیشتمانیی ستراتیژییە و دەکرێت وەبەرهێنانی گەورەی تێدا بکرێت، بەجۆرێک کە هەموو عێراقییەکان سوودی لێ ببینن.”

لە کۆتایی دیدارەکەدا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم بانگهێشتنامەیەکی فەرمی ئاراستەی وەزیری گواستنەوەی عێراق کرد بۆ سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە کارەکان و پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان.

لای خۆیەوە، وەهەب سەلمان محەمەد، وەزیری گواستنەوەی فیدراڵ سوپاسی بانگهێشتەکەی کرد و ئامادەیی خۆی نیشان دا کە لە “نزیکترین دەرفەتدا” سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

نێچیرڤان بارزانی و عەممار ئه‌لحەکیم چەند پرسێک تاوتوێ دەکەن

یاسین

وەیسی سەعید وەیسی: ئەرکی هەموو لایەنەکانە پێکەوە کار لەسەر پاراستنی دەستکەوتەکانی راپەڕین بکەن

دڵشاد

وەیسی سەعید وەیسی: 7ـی حوزەیران یادی ڕۆژێكی مێژووییە لە ژیانی سیاسیی گەلی كوردستاندا

دڵشاد