بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، دەستپێکردنی وەرزی نوێی گەشتەکانی عومرەی ڕاگەیاند و ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کۆمپانیانەی گرێبەستی ساڵی ٢٠٢٥یان هەیە، دەتوانن دەست بە گەشتەکانیان بکەنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: “لەمڕۆوە ئەو کۆمپانیانەی کە مۆڵەتی فەرمییان وەرگرتووە و لە وەرزی عومرەی ٢٠٢٥ گرێبەستیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکەماندا کردووە، ماوەی گرێبەستەکانیان بۆ درێژ دەکرێتەوە.”
بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، ئەو کۆمپانیانە دەتوانن بەپێی ڕێنماییەکان گەشتەکانیان ڕێکبخەن و عومرەکاران ڕەوانەی وڵاتی سعوودیە بکەن، ئەمەش تا ئەو کاتەی ڕێنمایی نوێ دەردەچێت و ڕێکارەکان بە تەواوی ڕێکدەخرێنەوە.
سەبارەت بە ئامانجی ئەم بڕیارە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە دەڵێت: “لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و زووتر دەستپێکردنی وەرزی عومرە و ئاسانکاری بۆ عومرەکاران ئەو بڕیارە دراوە، تاوەکو کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکان بتوانن بێ دواکەوتن درێژە بە کارەکانیان بدەن.”
ئەمە لە کاتێکدایە، ساڵانە هەزاران هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی عومرە ڕوو لە وڵاتی سعوودیە دەکەن، وەزارەتی ئەوقافیش لەرێگەی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەوە سەرپەرشتی و ڕێکخستنی گەشتەکان دەکات.

