بە بڕیارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە سبەی پێنجشەممەوە کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەستبەکار دەبنەوە. بڕیارەکە دوای کۆبوونەوەیەک لەگەڵ شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان هات و ئامانج لێی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانە داراییانەی بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز بەر عێراق کەوتوون.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی فالح زەیدی، لە ڕاگەیێنراوێکی فەرمیدا ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیران بڕیاریداوە لە ڕۆژی پێنجشەممە (٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦) کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان چالاکییەکانیان دەستپێبکەنەوە، ئەمەش بە مەبەستی تێپەڕاندنی قەیرانە ئابوورییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەی نەوت لە تەواوی عێراقدا.
بڕیارەکە دوای کۆبوونەوەیەکی گرنگ هات کە تێیدا شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان ئامادەبوون. لە کۆبوونەوەکەدا، هەموو ئەو ئاستەنگە هونەری و کارگێڕییانەی لەبەردەم کاری کۆمپانیا بیانییەکاندا هەبوون تاوتوێ کران و جەخت لەسەر چارەسەرکردنی خێرای کێشەکان کرایەوە لە پێناو بەرژەوەندییە گشتی و نیشتمانییەکاندا.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتی کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بە دۆخی نالەباری ئابووری کرد و گوتی: “داخرانی گەرووی هورمز زیانی دارایی زۆر گەورەی بە خەزێنەی دەوڵەت گەیاندووە.” ڕاشیگەیاند، پێویستە لەڕێگەی کاراکردنەوەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و بە شێوەیەکی زانستی و خێرا، ئەو داهاتە فەوتاوانە قەرەبوو بکرێنەوە.
هەر لە چوارچێوەی ئەو بڕیارەدا، سەرۆکوەزیران فەرمانی بە لایەنە ئەمنی و هونەرییەکان کردووە کە ژینگەیەکی گونجاو و سەقامگیر بۆ کارکردنی کۆمپانیا نەوتییەکان دابین بکەن. هەروەها جەختی کردەوە کە حکومەت پابەندە بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان و پشتگیریکردنی پڕۆسەی بەرهەمهێنان بۆ بووژانەوەی سەرتاسەریی ئابووریی وڵات.
پێشبینی دەکرێت بە دەستبەکاربوونەوەی ئەم کۆمپانیایانە، ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق بازدانێکی گەورە بەخۆیەوە ببینێت، کە ئەوەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کەمکردنەوەی فشارە داراییەکانی سەر حکومەت دەبێت.

