ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ڕاگەیەندراوێک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق

لە ڕاگەیەندراوێکدا فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، داوا دەکات هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف ئەنجام بدرێت و سەرجەم پێکهاتەکان تێیدا بەشداربن.

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، داواش دەکات تیمی یونامی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و چاودێرانی نێودەوڵەتی چاکتر و فراوانتر چاودێری پرۆسەکە بکەن و ڕوونیکردووەتەوە: پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە زەمینەسازی بکرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی شەفاف و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستان بەشداری تێدا بکەن و دووربێت لە سەپاندنی ئیرادە و ئەنجام و دابەشکاری پێشوەخت.

لە ڕاگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراقدا هاتووە: بەسەرسوڕمانێکی زۆرەوە بەیاننامەیەک لەلایەن چەند فراکسیۆنێک لە پەرلەمانی عێراقەوە دەرچووە، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر چەند خاڵێک دەکاتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە: “پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەم هێزی سیاسیی کوردستان بوو لە ڕێگەی جەنابی سەرۆک بارزانی و لەبەهاری ساڵی 1991 لە گردبوونەوەیەکی جەماوەری باسی لەوەکرد کە دەبێت شەرعییەتی شۆڕشگێری بگوازینەوە بۆ شەرعییەتی دەستووری و دیموکراسی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە”.

لە خاڵێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکە باسی ئەوە دەکات” لە ساڵی 1992 تا دواوین هەڵبژاردن، پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەم بووە و هیچ کات ترسی هەڵبژاردنی نەبووە، چونکە پشت ئەستوورە بە ئەندام و لایەنگران و دۆستانی پارتیمان و نیشتمانپەروەرانی کوردستان”.

فراکسیۆنی پارتی جەختی کردووەتەوە: “پارتی ماوەی دوو ساڵە داوا دەکات هەڵبژاردن بکرێت بەڵام هەندێک لایەن و بە تایبەت ئەوانەی ئێستا بەیاننامە دەنووسن خۆیان باش دەزانن کام لایەن بوو ڕێگربوو لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ئەوەش دەزانن کە کام لایەنی سیاسی بوو دەیگوت، ئەگەر هەڵبژاردنیش بکرێت ناهێڵین سندووقەکانی دەنگدان لە دێگەڵە بەولاوە دابنرێت و ناهێڵین لە سنووری سلێمانی هەڵبژاردن بکرێت”.

هەروەها دەڵێت: “پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردن بووە و لەگەڵیشی دەبێت بەمەرجێک ئیرادەی خەڵکی کوردستان پارێزراو بێت و دوور بێت لە داڕشتنی پێش وەختەو ئەو تێبینی و سەرنجانەی پارتی تێبینی نەتەوەیەکن و پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنێکی شەفاف و دوور لەدەستوەردانە”

هاوکات فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە: پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردنێک بکرێت مافی سەرجەم پێکهاتەکان پارێزراو بێت و ناکرێت پێکهاتەکان لە تورکمان و کلد و ئاشووری لە پەرلەمانی عێراق نوێنەریان هەبێت و لە پەرلەمانی کوردستان بێبەش بکرێن .

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دەكات

یاسین

سه‌رۆكى ديوان پێشوازى له‌ كونسوڵى گشتيى ئيمارات كرد

سەڵاح

سێ كه‌س ده‌ستگیركران كه‌ بەناوی دەزگای خێرخوازی فێڵێكیان له‌ خه‌ڵك كردووە

سەڵاح