وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لیستی مووچە و تەرازوی پێداچوونەوە ئامادەکراون و بەم نزیکانە ڕەوانەی بەغدا دەکرێن، هاوكات دڵنیایی دا گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی داهاتی نانەوتی.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، پێکەوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ دەمانەوێت کۆتایی بە کێشە هەڵپەسێردراوەکان بهێنین.
دڵنیاییشی دا کە تاوەکو ئێستا هیچ بەربەستێک لەبەردەم پڕۆسەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا نییە و “هیوادارین لە داهاتووشدا کێشە دروست نەبێت”.
پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوەش کرد، لیستی مووچە و تەرازوی پێداچوونەوەی دارایی ئامادەن و لەم چەند ڕۆژەدا ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێن.
سەبارەت بە دۆسیەی داهاتی نانەوتی، وتەبێژی حکومەت وتیشی، هێشتا ڕێککەوتنی کۆتایی نەکراوە، بەڵام بەدوای ڕێگەچارەی گونجاودا دەگەڕێین، بەو پێیەی حکومەتی فیدراڵ خۆیشی دەزانێت کە داهاتی ناوخۆ چ لە عێراق و چ لە هەرێمی کوردستان کەم بووەتەوە، بۆیە “پێویستە بگەینە تێگەیشتنێک بە مەبەستی پاراستنی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان تاوەکو نەکەوێتە بارودۆخێکی قورسەوە”.
پێشەوا هەورامانی باسی لە سیستەمی “ئەسیکۆدا” کرد و وتی: پێشتریش و ئێستاش هیچ لاریمان لەسەر جێبەجێکردنی نییە و لێکتێگەیشتنی باش هەیە، بڕیاریشە لە ئایندییەکی نزیکدا شاندێکی تایبەتی حکومەت بچێتە بەغدا بەمەبەستی ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر ئەم پڕۆژەیە.

