پێنتاگۆن ڕایگەیاند، واشنتۆن لە ڕێگەی ڕێککەوتنی نوێوە لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی پیشەسازیی سەربازی، بەرهەمهێنانی مووشەکەکانی بەرگریی ئاسمانیی “پاتریۆت” و “تاد” زۆر خێراتر دەکات. ئەم هەنگاوە وەک ئامادەکارییەکی ڕژد سەیر دەکرێت بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە ناوچەکەدا.
لە لێدوانێکدا، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا ئاشکرایکرد، پرۆسەی خێراکردنی بەرهەمهێنانەکە بە هەماهەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی بواری پیشەسازیی سەربازی بەڕێوەدەچێت.
لای خۆشیانەوە، بەرپرسانی کۆمپانیای لۆکهید مارتن ئاماژەیان بەوە داوە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی جەنگ و کۆمپانیای نۆرسرۆپ گرومان، دەستبەجێ پرۆسەی بەرهەمهێنانی مووشەکەکانی سیستەمی “تاد” و “پاتریۆت” خێراتر دەکەن، تاوەکو بتوانن توانای پێویست بۆ ئەرکە ڕووبەڕووبووەوەکانی ئەرکی ئێستا دابین بکەن و جەبەخانەی سەربازیی وڵاتەکە بەهێزتر بکەن.
لەنێو ڕێککەوتنە نوێیەکانی پێنتاگۆن و کۆمپانیاکاندا، بەرنامەیەکی درێژخایەن دارێژراوە کە ئامانج لێی، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی مووشەکەکانی سیستەمی پاتریۆت بۆ ٣ هێندە، بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی مووشەکەکانی سیستەمی تاد بۆ ٤ هێندە.
ئەم بڕیارە نوێیانەی واشنتۆن لە کاتێکدایە کە گرژییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان ڕوویان لە زیادبوون کردووە، ئەمریکاش هەوڵدەدات لە ڕێگەی پڕکردنەوە و بەهێزکردنی جبەخانە بەرگریییەکانییەوە، ئامادەیی تەواو بۆ هەر ئەگەر و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نەخوازراو لە ناوچەکەدا مسۆگەر بکات.

