zagros news agency

راگەیەندراوێک لە هاوپەیمانیی مەسیحییەوە

هاوپەیمانیی مەسیحی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، نیگەرانیی قووڵ، سەرکۆنە و ڕەتکردنەوەی توندی خۆی بەرامبەر بەو لێدوانانە دەردەبڕێت کە لەلایەن بەڕێز (شاسوار عەبدولواحید)ـەوە دراون و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوە، لێکهەڵوەشاندن یان سڕینەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان کراوە. ئەم لێدوانانە دەستدرێژییەکی مەترسیدارن بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی، یەکڕیزیی پێکهاتە نیشتمانییەکان، و ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی کە سەرجەم پێکهاتەکانی هەرێم لە سایەیدا دەژین، بەمەش تۆوی ترس و دڵەڕاوکێی لە دڵی هاوڵاتیانی سەر بە سەرجەم پێکهاتەی ئاینی ونەتەوەیی کوردستاندا چاندووە.

هەرێمی کوردستان تەنها قەوارەیەکی ئیداری یان سیاسی نییە، بەڵکو بەرهەمی دەیان ساڵ خەباتی بەردەوام و قوربانیی گەورەی ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانەیە لە سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان؛ لە کورد، کلدان، ئاشووری، سریان، ئەرمەن، عەرەب، تورکمان و تەواوی پێکهاتە ڕەسەنەکانی دیکە. ئەم قەوارەیە بەرهەمی خوێنی ئەو شەهیدانەیە کە لە پێناو ئازادی، کەرامەت و دیموکراسیدا گیانی خۆیان بەخت کردووە.
هاوکات، هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووریی جێگیرە کە گەلی عێراق بە ویستی ئازادی خۆی و لە ڕێگەی دەنگدان بە دەستووری هەمیشەیی عێراق بڕیاری لەسەر داوە و بووەتە بەشێکی ڕەسەن لە سیستمی دەستووریی دەوڵەتی عێراق.

بۆیە، هەر داواکارییەک بۆ هەڵوەشاندنەوە یان لێکهەڵوەشاندنی، لە پێناو سەپاندنی ئەجێندای کەسی، حزبی یان فەئەییدا، بازدانێکی مەترسیدارە بەسەر ئیرادەی گەل و دەستووردا، و زیان بە ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە عێراقدا دەگەیەنێت.

بۆ ئێمە وەک مەسیحییەکان، هەرێمی کوردستان تەنها ناوچەیەکی جوگرافی نەبووە، بەڵکو هەمیشە نیشتمانی ڕەسەن و پەناگە و هێلانەیەکی ئارام بووە کە لە سەختترین بارودۆخەکاندا ڕۆڵەکانی گەلەکەمانی لە ئامێز گرتووە، و لەو کاتانەی ڕووبەڕووی تیرۆر، ڕیشەکێشکردن و کۆچپێکردنی زۆرەملێ بوونەتەوە، پارێزگاری لە بوونیان کردووە. لەم هەرێمەدا کەنیسەکان ئاوەدان کرانەوە، زەنگی کەنیسەکان هەمیشە بە ئازادی لێدران، ئازادییە ئاینییەکان پارێزران، و زمانەکانی سریانی، ئاشووری و کلدانی، لە پاڵ زمانەکانی ئەرمەنی و تورکمانیدا، لە قوتابخانە حکومییەکاندا پارێزران وخوێنران؛ هەروەها کولتوور و کەلەپووری کلدانی، ئاشووری، سریانی، ئەرمەنی و تورکمانی و سەرجەم پێکهاتە بە پاڵپشتیی فەرمیی حکومەت گەشەیان سەند، ئەمەش لە سایەی ژینگەیەکدا کە لەسەر بنەمای پێکەوەژیان و ڕێزی قبوڵکردنی یەکتر دامەزراوە.

هەر گوتارێک کە ئەم قەوارەیە بکاتە ئامانج، یان گومان لە شەرعییەتەکەی بکات، یان داوای لاوازکردنی بکات، دەبێتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ و مەترسییەکی ڕەوا لە لای ئەو پێکهاتانەی کە ئارامی و سەقامگیرییان لەم هەرێمەدا دۆزیوەتەوە. هەروەها هێرشە بۆ سەر ئەو متمانەیەی کە لە ماوەی ساڵانێکی درێژ لە ڕێگەی هاوبەشی و پێکەوەژیانەوە بنیات نراوە، و لە جیاتی چەسپاندنی بەهاکانی گفتوگۆ و یەکڕیزی، خزمەت بە گوتاری لێکترازان دەکات و هانی کۆچکردن و بەجێهێشتنی نیشتمان و خاکەکەی دەدات.

بۆیە، ئێمە ئەم لێدوانانە بە پێشهاتێکی مەترسیدار دەزانین کە پێویستە بە بەرپرسیارێتییەوە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت. داوا لە بەڕێز شاسوار دەکەین پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکانیدا بکات و ئەم گوتارەی ڕاست بکاتەوە، و پابەندی کاری سیاسیی بەرپرسیارانە بێت کە ڕێز لە دەستوور دەگرێت، دامەزراوە دەستوورییەکان دەپارێزێت، و پارێزگاری لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و یەکڕیزیی کۆمەڵگە دەکات.

هاوکات داوا لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە عێراق، حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵ، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان، حکومەتی هەرێم، دەسەڵاتی دادوەری و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە عێراق و هەرێم دەکەین، ئەرکە دەستووری و یاساییەکانی خۆیان لە پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی جێبەجێ بکەن، و ڕووبەڕووی هەر گوتارێک ببنەوە کە ببێتە هۆی نانەوەی فیتنە، لاوازکردنی سیستمی دەستووری، یان هەڕەشەکردن لە ئاسایشی کۆمەڵایەتی.

ئەم لێدوانانەی شاسوار عەبدولواحید دژ بە ڕێبازی سەقامگیری، چاکسازی و گەشەپێدانن لە هەرێمی کوردستان، و بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەو دەستکەوتە گەورانە دادەخرێن کە لە سەر دەستی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بەدی هاتوون. هەروەها گورزێکن لە کۆڵەکەکانی بنیاتنانی عێراق و ئەو هاوبەشییەی کە سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عێراق لەسەری ڕێککەوتوون. لەولاشەوە، ئامانجگرتنی پڕۆژەی چاکسازی و دژایەتیکردنی گەندەڵییە کە لەلایەن دەوڵەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەڕێز عەلی زەیدی دەستیپێکردووە. دروستکردنی ئەم جۆرە تەنگژانە تەنها بە مەبەستی ڕاکێشانی وڵاتە بەرەو ناسەقامگیریی ئەمنی و چوونە ناو تونێلێکی تاریکی سیاسی، و ڕاگرتنی پڕۆسەی چاکسازی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، ئەمەش گومان لەسەر ئەوە دروست دەکات کە شاسوار عەبدولواحید بە ئەنقەست دەیەوێت سەقامگیریی وڵات لەم قۆناغە هەستیارەدا تێکبدات.

ئەم دۆخە وا دەخوازێت لێکۆڵینەوەیەک بکرێت بۆ ئاشکراکردنی ئەو دەستە نەحەزانەی لە پشت ئەم هەنگاوانەوە وەستاون؛ چونکە ڕاستی شتێکی دیکەیە، هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی سەدان هەزار شەهید و دەستکەوتی دەیان ساڵ خەبات و قوربانییانی گەلی کوردستانە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، و هیچ هێزێک لەسەر زەوی نییە بتوانێت لێیبدات یان بوونی یاسایی و دەستووریی لەناو ببات. خودی شاسوار و هەموو ئەو شتانەی پێیان گەیشتووە و بەدەستی هێناون، تەنها بەرهەمی ئەم هەرێمە و دەستکەوت و دەرفەتەکانی ئەون، و ئەوەی ئێستا دەیکات گومان و ڕاڕایی دروست دەکات، وەک بڵێی بە ویستی دوژمنانی قەوارەی هەرێمی کوردستان و عێراق داڕژابێت و جێبەجێکردنی پلانێک بێت کە چاکەی بۆ گەل و نیشتمانەکەمان ناوێت.

بەرگریکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، بەرگریکردنە لە بەهاکانی ئازادی، فرەیی و پێکەوەژیانی نێوان مەسیحی، موسڵمان، ئێزدی، سابیئەی مەندائی، بەهایی، کاکەیی و سەرجەم پێکهاتەکان؛ بەرگریکردنە لە ئەزموونی دیموکراسی کە بووەتە مۆدێل و نموونەیەک لە ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، و بەرگریکردنە لەو ماڵە ئارامەی کە بێ جیاوازی هەموو ڕۆڵەکانی خۆی لەباوەش گرتووە، و بە ویستی گەلەکەی و یەکڕیزیی پێکهاتەکانی بەو شێوەیەش دەمێنێتەوە.

هاوپەیمانیی مەسیحی
٢٥ / ٦ / ٢٠٢٦

هەواڵی پەیوەندیدار

پرسەنامەیەک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڤاڵی بەڕێز (تەحسین دۆلەمەری)

یاسین

ناوی ئەندامانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە پرسەی ڕەئیسی راگەیندرا

یاسین

دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران دەستپێدەکات

سەڵاح