فەرمانگەی ڤێتێرنەری سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئاشکرای کرد، توانیویانە دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە دووگی پیشەسازیی خۆراکی دا بگرن کە هاوردەکردنیان بۆ ناو وڵات قەدەغەیە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵ بڵاویکردووەتەوە، لەسەر ڕێنماییەکانی عەبدولڕەحیم جاسم شەمەری، وەزیری کشتوکاڵ، بە مەبەستی توندکردنەوەی چاودێریی توند لەسەر ڕێگری لە هاوردەکردنی نایاسایی دووگی پیشەسازی بۆ ناو بازاڕەکان، فەرمانگەی ڤێتێرنەری بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئابووری لە وەزارەتی ناوخۆ، توانیویانە دەست بەسەر بڕێکی زۆر لەم دووگە دروستکراوانەدا بگرن. ئەم بارە نایاساییە لە ناو بەفرگرێکی گەورەدا لە ناوچەی (فەزیلییە)ی بەغدا حەشاردرابوو کە لە دەروازەی سنووریی مەنزەرییەوە هێنرابووە ناو خاکەوە.
محەمەد عەزیز میاحی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ڤێتێرنەری ڕایگەیاند “مەفرەزەکانی بنکەی ڤێتێرنەری لە ناوچەی فەزیلییە بە هاوکاریی لایەنە ئەمنییەکان توانیویانە دەست بەسەر ئەم بڕە زۆرەدا بگرن، چونکە بەپێی بڕیارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ هاوردەکردنی ئەم جۆرە ماددانە قەدەغەیە، بەهۆی ئەوەی زیانی ڕاستەوخۆ بە تەندروستیی مرۆڤ دەگەیەنن ئەگەر لە خۆراکدا بەکاربهێنرێن.”
میاحی ڕوونیشیکردەوە کە ئەم بڕە دەستبەسەرداگیراوە بەپێی فەرمانی فەرمی لەناوبردن کە لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەندەوە دەردەچێت، تێکدەدرێت و لەناودەبرێت. هەروەها جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی دەزگا ئەمنییەکان کردەوە لە بەدواداچوون و ڕێگریکردن لە هاوردەکردنی ماددە خۆراکییە قاچاخ و سەرپێچیکارەکان.
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەکە ئاماژەی بەوەش دا، وەزارەتی کشتوکاڵ پێشتریش هاوردەکردنی هەموو جۆرە دووگێکی پیشەسازیی قەدەغە کردووە، چونکە ئەم ماددانە دوای بەسەرچوونی ماوەکەیان دەبنە دووگی پیشەسازی و تەنها لە پیشەسازیی دروستکردنی سابوون و پاودەردا بەکاردێن، بۆیە بەکارهێنانیان لە چێشتلێنان یان لە خۆراکدا مەترسییەکی گەورە لەسەر تەندروستیی هاووڵاتیان دروست دەکات.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، فەرمانگەی ڤێتێرنەری جەختی لە بەردەوامیی کەمپینەکانی پشکنین و بەدواداچوون لە بازاڕ و دەروازە سنوورییەکاندا کردەوە، بە ئامانجی پاراستنی سەلامەتیی خۆراک و تەندروستیی گشتی.

