zagros news agency

ئەگەری کشانەوەی کەشتییەکانی هێزی دەریاییی ئەڵمانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە

 

دوای ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران لەلایەن ترامپەوە، هەندێک لە سیاسییەکانی پارتی سۆسیال دیموکرات و سەوزەکان، ئەگەری گەڕاندنەوەی کەشتییەکانی هێزی دەریاییی ئەڵمانیایان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستە ڕوو. ئەم کەشتیانە بۆ ئۆپەراسیۆنی مینڕێژکردن جێگیر کراون.
بەهۆی هێرشکردنە سەر کەشتییە تێپەڕبووەکانی گەرووی هورمز و هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجگەلێک لە ئێران، ئادیس ئەحمەدوویچ، وتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی فراکسیۆنی پەرلەمانیی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا، ئەگەری گەڕاندنەوەی دوو کەشتیی هێزی دەریاییی وڵاتەکەی ئاراستە کرد بۆ ئەرکێک ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرابوون.
ئەو لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تۆڕی نووسینی ئەڵمانیا (RND) ڕایگەیاند گۆڕانکارییەکانی دوایی نیشانەی ئەوەن ئاگربەستی پەیوەندیدار بە جەنگی ئێران زۆر ناسکە. بە گوتەی ئەو، هەر لەبەر ئەم هۆکارە وریاییی پارتەکانی هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار لە ئەڵمانیا لە پەسندنەکردنی ئەرکی نوێ بۆ سوپای وڵاتەکە لەم قۆناغەدا، بڕیارێکی دروست بوو.
ئەحمەدوویچ جەختی کردەوە: «ئەوەی لە داهاتوودا چی بەسەر دوو کەشتییەکەمان دێت، دەبێت هەموو ڕۆژێک لەسەر بنەمای دۆخی تەناهیی ناوچەکە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.» بە گوتەی ئەو، هەموو بژاردەکان بە کشانەوەی کەشتیی مینڕێژکەری فوڵدا و کەشتیی پاڵپشتیی مووزڵی ئەڵمانیا لە ناوچەکە “دەبێت لەسەر مێز بن.”
فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکان (سێنتکۆم) ئێوارەی پێنجشەممە ١٩ی پووشپەڕ، لە بەیاننامەیەکدا بە ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی خولێکی نوێی هێرشەکان بۆ سەر ئێران، گوتی ئامانج لەم هێرشانە لاوازکردنی توانای کۆماری ئیسلامی بووە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و دەریاوانە سڤیلە بێتاوانەکان لە گەرووی هورمز.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا پێشتر باسی لە بێئومێدبوون لە دانوستان لەگەڵ ئێران کردبوو، ئێوارەی چوارشەممە لەناو فڕۆکەی تایبەتی سەرۆکایەتی بە ڕۆژنامەنووسانی گوت، ئێران دیسانەوە پەیوەندیی کردووە و بە توندی داوای گەیشتن بە ڕێککەوتن دەکات. ئەو هاوکات بە ئاماژەدان بە هێرشەکانی ئێران لە گەرووی هورمز گوتی: «هەر کاتێک ئەوان گورزمان لێ بدەن، ئێمە ٢٠ هێندە گورزیان لێ دەدەینەوە.»
سارا نانی، وتەبێژی کاروباری بەرگریی فراکسیۆنی پارتی سەوزەکان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییە نوێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەڕانەوەی کەشتییەکانی ئەڵمانیای بە دوور نەزانی. ئەو گوتی: «پێشبینی دەکەم ستافی کەشتییەکانی فوڵدا و مووزڵ، هاوین لە ئەڵمانیا بەسەر بەرن. هەر سیناریۆیەکی تر بۆ من دەبێتە جێی سەرسوڕمان.»
نانی زیادی کرد پێ ناچێت حکوومەتی ئەڵمانیا لە دۆخی ئێستادا کەشتییەکان بۆ ماوەیەکی درێژ لە ناوچەکەدا بهێڵێتەوە و چاوەڕێی “پەرجوو” بکات. بە گوتەی ئەو، ستافی ئەم کەشتیانە بە گوێرەی بەرنامە دەبێت لە مانگی ئەیلوولدا بۆ وڵات بگەڕێنەوە و تا ئەو کاتە بعیدە ڕێککەوتنێکی بەردەوام بێتە ئاراوە.
ئێستا کەشتیی مینڕێژکەری فوڵدا و کەشتیی پاڵپشتیی مووزڵ لە بەندەری جیبووتی جێگیرن و چاوەڕێی ئەرکی ئەگەریی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن. ئەم دوو کەشتییە بەهار ئەمساڵ بە شێوەیەکی خۆپارێزانە بۆ ناوچەکە ڕەوانە کرابوون تا لە کاتی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی، لە ئەرکێکی نێودەوڵەتیدا بۆ پاککردنەوەی مینە دەریایییەکان لە گەرووی هورمز بەشدار بن. ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنە، دابینکردنی تەناهیی کەشتیوانیی بازرگانی و گەڕانەوەی هاتوچۆی بێوەی بوو. هەر ئەرکێکی چەکدارانەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە دەرەوەی وڵات، پێویستی بە ڕەزامەندیی فەرمیی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا (بوندستاگ) هەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار

كه‌شوهه‌وای 48 كاتژمێری داهاتوو بڵاوكرایه‌وه‌

سەڵاح

لێدوانی ڕۆناڵدۆ دەربارەی یاری کۆتایی نەیشنز لیگ و باڵۆندۆری ئەمساڵ

یاسین

لە هەولێر، کتێبێکى مێژوویى ناسێندرا

یاسین