وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی پووشپەڕ، لە کاردانەوە بە بانگکردنی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی لە بەریتانیا، وەک هەنگاوێکی بەرانبەر باڵیۆزی بەریتانیای لە تاران بانگ کرد.
بەریتانیا ڕۆژی سێشەممە کارداری ئێران، وەک باڵاترین دیپلۆماتی تاران لەو وڵاتە، بەهۆی هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووسێکی ئێرانی لە لەندەن بانگ کردبوو.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات دوو هاووڵاتیی ڕۆمانیایی بەهۆی هێرش بە چەقۆ بۆ سەر ڕۆژنامەنووسێکی فارس، سزای زیندانیی درێژخایەنیان بەسەردا سەپێنرا.
بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ئێرنا، عەلیڕەزا یووسفی، یاریدەدەری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆژاوای ئەورووپای وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، دەستێوەردانی ئێرانی لە هێرشکردنە سەر ئەو ڕۆژنامەنووسە بە “بانگەشەی بێبنەما و درۆی بەرپرسانی ئینگلیزی” ناو برد و داوای کرد بەریتانیا میوانداریی ئەو لایەنانەی بە “تۆڕە تیرۆریستییەکان”یان ناو دەبات، ڕاگرێت.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا پێشتر لە کاتی بانگکردنی باڵیۆزی ئێران گوتبووی: “هەوڵەکانی ئێران بۆ لاوازکردنی سەروەری و ئاسایشی بەریتانیایە و بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە. دەبێ ئەم چالاکییانە دەستبەجێ ڕابگیرێن”.

