ئەمڕۆ یەکشەممە، 28-6-2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، پەیامێکی گەیاندووەتە دەست عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق. لە پەیامەکەدا هاتووە کە سەدر بە تەواوی و بە شێوەیەکی ڕەها پشتگیری لە ڕێکارەکانی حکوومەت دەکات بۆ دەستگیرکردن و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران، بەبێ گوێدانە پێگەی سیاسی یان لایەنگرییان.
سەدر جەختی کردووەتەوە لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی ئەم هەڵمەتە و پاشەکشەنەکردن لێی، تا سەرجەم تێوەگلاوان ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە بۆ پاراستنی ماڵی گشتی.
هاوکات لەگەڵ ئەم پەیامەدا، هێزە ئەمنییەکان لە بەغدا دەروازەکانی ناوچەی سەوزیان داخستووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەڵمەتێکی فراوانی گەڕان و پشکنین کە ماڵی چەندین پەرلەمانتار، سیاسی و سەرمایەداری گرتووەتەوە بەهۆی تۆمەتی دەوڵەمەندبوونی نایاسایی.
هەروەها میدیای فەرمی عێراقی رایگەیاند، تاوەکوو ئێستا 47 پەرلەمانتار و بەرپرس بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون.
هەواڵی پێشوو

