zagros news agency

بەهۆی بوومەلەرزەکەی ژاپۆن کارەبای دەیان هەزار ماڵ بڕاوە

 

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کارەبای نزیکەی ٤٦ هەزار ماڵ لە پارێزگای کومامۆتۆ، زۆرترین زیانی لە بوومەلەرزەکە بەرکەوتووە، بڕاوە. بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی کیۆدۆ، شەمەندەفەرێکی بارهەڵگریش لەو ناوچەیە لە ڕێڕەو دەرچووە. هەروەها باندەکانی فڕۆکەخانەی “ئاسۆ کومامۆتۆ” تا کاتێکی نادیار داخراون.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی تۆڕی تەلەڤزیۆنیی NHKی ژاپۆن، بە لایەنی کەم ٥٠ کەس لەم بوومەلەرزەیەدا بریندار بوونە. حکوومەت بۆ بەهێزکردنی هێزەکانی فریاگوزاری، سەربازی بۆ ناوچەکە ناردووە. هۆشداریی کاتیی ڕوودانی تسۆنامی بە بەرزیی یەک مەتر هەڵوەشایەوە.

تا کاتەکانی کۆتایی شەوی سێشەممە چەندین پاشلەرزە ڕوویان دا. کارگێڕی کەشناسیی ژاپۆن هۆشداریی دا لە ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزەی توندی دیکە لە ڕۆژانی داهاتوودا. ناوەندی ئەم بوومەلەرزەیە لە ناوچەی کومامۆتۆ و لە قووڵایی ١٠ کیلۆمەتری زەویدا بوو.

میدیاکانی ژاپۆن لە زاری بەڕێوەبەرانی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە بڵاویان کردەوە ئەم بوومەلەرزەیە هیچ گرفتێکی لە وێستگە ئەتۆمییەکاندا دروست نەکردووە.

تۆڕی NHK هەروەها ڕایگەیاند چەندین بەشی شاڕێگەکانی دوورگەی کیوشو داخراون. کۆمپانیای هێڵی ئاسنی “جەی ئاڕ کیوشو” هەموو خزمەتگوزارییەکان، لەوانە شەمەندەفەرە خێراکان، ڕاگرتووە.

 

ساڵانە ١٥٠٠ بوومەلەرزە لە ژاپۆن

ژاپۆن یەکێک لە بوومەلەرزەخێزترین وڵاتانی جیهانە و لەسەر پشتوێنی “ئەڵقەی ئاگری زەریای هێمن” هەڵکەوتووە. ئەم وڵاتە ساڵانە نزیکەی ١٥٠٠ بوومەلەرزە بەخۆیەوە دەبینێت.

ناوچەی کومامۆتۆ دە ساڵ پێش ئێستاش بەهۆی بوومەلەرزەیەکی توند بە گوڕی ٧.٣ ڕیشتەر لرزرابوو. بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لەو ڕووداوەدا ٢٧٥ کەس گیانیان لەدەست دا.

هەواڵی پەیوەندیدار

موقتەدا سەدر بۆ سەرایای سەلام: ئۆتۆمبێلی چینی و کۆری بەکاربێنن

یاسین

نوێترین زانیاریەکان لەسەر ئەگەری بەشداری کردنی مباپێ بۆ یاری بایرن میونخ

یاسین

پارێزگارى هه‌ولێر، پێشوازیى لە خانەوادەى هەرسێ‌ كوژراوەكەی بەنزینخانەکەى هەولێر کرد

سەڵاح