فەرمانگەی تەندروستیی پارێزگای زیقار رایگەیاند، شوێنێکی ئامادەکردنی خۆراکیان داخستووە کە بەبێ مۆڵەتی فەرمیی تەندروستی، ژەمەخۆراکی بۆ ژمارەیەک لە دامەزراوە تەندروستییەکانی پارێزگاكە دابین دەکرد.
بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمانگەی تەندروستیی زیقار، دوای بڵاوبوونەوەی زانیاری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان—لەوانەش پۆستێکی فاروق یاسری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، تیمەکانی چاودێریی تەندروستی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو و دەزگا ئاسایشییەکان، سەردانی شوێنەکەیان کردووە.
لە پشکنینەکاندا دەرکەوتووە شوێنەکە مۆڵەتی فەرمیی تەندروستیی نییە، بەوهۆیەشەوە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتە بەر و دەستبەجێ داخراوە.
فەرمانگەی تەندروستیی زیقار جەختیشی کردەوە کە گرێبەستەکانی دابینکردنی خۆراک بۆ نەخۆشخانەکان، لەلایەن ئیدارەی نەخۆشخانەکان خۆیانەوە لەگەڵ چێشتخانە و کەسانێک دەبەسترێت کە مۆڵەتی فەرمیی تەندروستییان هەیە، پرۆسەکەش لەژێر چاودێریی بەردەوامی لیژنە تایبەتمەندەکانی ناو نەخۆشخانەکاندایە.

