توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری زانستیی (Neurology Open Access) بڵاوکراوەتەوە ئاشکرای دەکات، کەمیی ڤیتامین D لە تەمەنی ناوەڕاستدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەندە بە پەرەسەندنی نەخۆشیی زەهایمەرەوە.
لە میانی توێژینەوەکەدا، زانایان شیکارییان بۆ 793 بەشداربووی “توێژینەوەی دڵی فرامینگام” کرد، کە تێکڕای تەمەنیان لە کاتی وەرگرتنی نموونەی خوێندا 39 ساڵ بوو. دوای 16 ساڵ لە وەرگرتنی نموونەکان، پشکنینی تیشکیی پێشکەوتوویان (PET scan) بۆ بەشداربووان ئەنجامدا بۆ پێوانی ئاستی کەڵەکەبوونی هەردوو پرۆتینی “تاو و بێتا ئەمیلۆید” کە بە دوو ماددەی سەرەکیی پەیوەندیدار بە پەرەسەندنی زەهایمەر دادەنرێن.
ئەنجامەکانی توێژینەوەکە دەریخستووە کە بەرزبوونی ئاستی ڤیتامین D لە تەمەنی ناوەڕاستدا، بەستراوەتەوە بە کەمبوونەوەی رێژەی کەڵەکەبوونی پرۆتینی “تاو” لە مێشکدا، ئەم پەیوەندییە لەو ناوچانەی مێشکدا روونتر و دیارتر بوو کە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی زەهایمەردا زیانیان پێدەگات، وەکو پەڕەی کاتیی مێشک (Temporal lobe) و ئەو ناوچانەی بەرپرسن لە بڕیاردان و یادگە. لە بەرامبەردا، توێژینەوەکە هیچ پەیوەندییەکی لەنێوان ڤیتامین D و کەڵەکەبوونی پرۆتینی “بێتا ئەمیلۆید”دا تۆمار نەکردووە.
توێژەران جەخت دەکەنەوە کە توێژینەوەکە تەنیا پەیوەندییەکی ئاماریی دۆزیوەتەوە و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە نسەلمێنێت کە خواردنی تەواوکەرە خۆراکییەکانی ڤیتامین D بە تەواوی ڕێگری لە زەهایمەر دەکات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، کەمیی ئەم ڤیتامینە لە تەمەنی ناوەڕاستدا دەکرێت فاکتەرێکی مەترسیداری دەستکاریپێکراو بێت بۆ ڕوودانی گۆڕانکارییە دەمارییە پێشوەختەکان، ئەمەش پێویستی بە توێژینەوەی زیاتر هەیە بۆ پشتڕاستکردنەوەی.
لە لایەکی دیکەوە، توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستیی (Frontiers in Nutrition) بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە کەمیی ڤیتامین D دەکرێت پەیوەندی بە زیاتربوونی بەرچاوی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی سەر و ملەوە هەبێت.
هەروەها چەندین توێژینەوەی دیکە ئاماژە بەوە دەکەن کە وەرگرتنی ڤیتامین D بە ژەم و بڕی دیاریکراو دەکرێت پرۆسەی پیربوونی خانەکان خاو بکاتەوە، بەپێچەوانەشەوە، کەمیی ئەم ڤیتامینە لە جەستەدا ڕەنگە پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بە خەمۆکی یان تێکچوونی کتوپڕی توانای بیستنەوە هەبێت.

