دوو پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، بە توندی سەرکۆنەی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن بۆ بە ئامانجکردنی ناوەندە بڕیاربەدەست و ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لە قەزای پیرمام و ئەم هەنگاوە بە “پێشهاتێکی مەترسیدار” ناودەبەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١٧ی ئابی ٢٠٢٦، هەریەک لە پەرلەمانتاران (رامی نوری سیاوش) و (د. جیمس حسدو هیدو) لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە: “هەوڵی بە ئامانجکردنی نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمام لەلایەن ئێرانەوە، پێشهاتەیەکی مەترسیدارە و دەستدرێژییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستووری، یاسایی و ئەمنییەکان.”
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەو دوو پەرلەمانتارە وێڕای سەرکۆنەکردنی توندی ئەم پێشێلکارییانە، داوایان کردووە کە پێویستە ڕێز لە سەروەری هەرێمی کوردستان، دامەزراوەکان، کەسایەتییەکان و هاووڵاتییانی هەرێم بگیرێت.
هەروەها جەختیان لە هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە: هەرێمی کوردستان لایەن نییە لەم ناکۆکییەی ئێستا و لە هیچ شەڕ و ملمەلانێیەکی تری ناوچەکەدا.

