zagros news agency

عەبوودی بۆ قالیباف: حکومەت سوورە لەسەر ئەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، قاسم عەبوودی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی ئه‌نجومه‌نی شوورای ئێران، جەختی کردەوە کە دەستووری عێراق ڕێگە نادات هیچ گروپێکی چەکدار، ئاسایشی وڵاتانی دیکە بخەنە مەترسییەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەت لە هەنگاوەکانی بۆ قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بەردەوامە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “قاسم عەبوودی پێشوازی لە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی شوورای ئێران کرد کە ئێستا سەردانی عێراقی کردووە. لە دیدارەکەدا دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و ڕێگاکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوو گەل و وڵاتی دۆست بکات، تاوتوێ کران.”

بەگوێرەی بەیاننامەکە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕێککەوتننامە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات کراوە. عەبوودی جەختی لەوە کردەوە کە “عێراق پابەندە بە ڕێککەوتننامە ئەمنییە هاوبەشەکەی نێوان هەردوو وڵات”، ئاماژەی بەوەش کرد کە پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات مێژوویی و توندوتۆڵە و بەستراوەتەوە بە پیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی هەردوو گەلەوە.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی وتیشی: “سەقامگیریی عێراق لە بەرژەوەندیی سەقامگیریی ناوچەکەدایە، حکومەتی عێراقیش جەخت لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی و وڵاتانی جیهان بە گشتی دەکاتەوە.” هەروەها دووپاتی کردەوە کە “دەستووری عێراق ڕێگە بە بوونی گروپی چەکدار نادات کە هەڕەشە لە ئاسایشی وڵاتانی دیکە بکەن، حکومەتیش سوورە لەسەر ئەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت.”

لای خۆیەوە، محەمەد باقر قالیباف ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئێران شانازی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق دەکات و پاڵپشتی لە بەرنامەی حکومەتی عێراق دەکات سەبارەت بە داڕشتنی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ ڕێکخستنی چەک لە ژێر فەرماندەیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا، ئاماژەی بەوەش کرد کە وڵاتەکەی پابەندە بەو ڕێککەوتننامە ئەمنییانەی لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کراون.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت پشتیوانیی لە دانووستان لەگەڵ ئەمریکادا پشتگیریی سوودانی دەکات

یاسین

پێكهاته‌كانی کلدان، ئاشووری و ئەرمەن راگه‌یه‌ندراوێك ئاراسته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن

گوران

دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ده‌ستیان به‌سه‌رداگیرا و 18 کەسیش دەستگیرکران

سەڵاح